تیمی پارێزەرانی سزادراوانی بادینان تانە لە بڕیاری زیندانی كردنی ڕۆژنامەنووس (گوهدار زێباری) دەدەن، كە لەلایەن دادگای كەتنی هەولێرەوە دەركراوە.
تیمی پارێزەرانی سزادراوانی بادینان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەمڕۆ وەك تیمی پارێزەران تانەمان لە بڕیارەكەی دادگای كەتنی هەولێر دا، كە بەر لە چەند ڕۆژێك ڕۆژنامەنوس گوهدار زێباری بۆ ماوەی 7 مانگ زیندانی سزادرا بە پێی مادە ٢٧٩ لە یاسای سزاكانی عیراقی بە تۆمەتی گۆڕینی لۆگۆی ئۆتۆمبیلەكەی.
ئاماژەی بەوەشكردووە، لە بنەرەتدا ئەم لۆگۆیەی تۆیۆتا بەر لە كڕینی ئۆتۆمبیلەكەی لە لایەن خاوەنی پێشوی گۆڕدرا بوو، كە لە حاڵەتی وادا پێویستە خاوەنی كۆمپانیای تۆیۆتا سكاڵا بكات لە دادگای مەدەنی نەك هێزی ئەمنی.
دەشڵێت: “ئومێدمان زۆرە و هیوادارین، كە دادوەرانی بەڕێز سەرۆك و ئەندامان لە دادگای ئیستئنافی هەولێر بەسیفەتی تەمییزی، كە گشتیان دادوەری خاوەن ئەزموون و بە ویژدانن لە بەرژەوەندی گوهدار زێباری بڕیار بدەن و ئازادی بكەن”.