نەورۆز، یەکێک لە بۆنە مێژوویییە گرنگەکانی گەلی کوردە، لە ھەر شوێنێکدا و لە ژێر دەسەڵاتی ھەر دەوڵەتێکدا کوردان هەمیشە نەورۆزیان پیرۆز کردووە و ڕەمزێک بووە بۆ مانەوە و بەرخودان، ئەم بۆنە مێژووییە، بەردەوام کاردانەوەی لە وێژە، فەرھەنگ و سیاسەتی کورد دا ھەبووە، بەتایبەت سوارچاکانی ئەدەب و قەڵەم بەدەستان دەما و دەم ئەم بۆنەیەیان لە دیوانیاندا جۆشداوەتەوە و ڕازی دڵیان بەرخامە خستووە و لە کارخانەی شیعریاندا هەڵبەستگەلی بەرز و باڵایان بۆ ئەم بۆنەیە هۆنیوەتەوە، کە لێرەدا مشتێک لە خەرمانی ئەو شاکارانەی بۆ نەورۆز هۆنراونەتەوە دەخەینەڕوو؛
پیرەمێرد:
ئەوڕەحمان بەگی بابان:
جەژنی نەورۆز یەکێتی قەوم و گەلی هێنامە یاد
ڕستگاری قەومی ماد و پادشاهی کەیقوباد
جەژنی نەورۆزە چەمەن ڕازاوەی غونچە و گوڵە
نەرگسی شەهلا قەدەح ئەفشانی بەزمی سونبولە
پەرچەمی نەسرین و سەوسەن حەڵقەی داوی دڵە
نەغمەخوانی بەزمی ئەم گوڵزارە قومری و بولبولە
ئەم بەهشتی سەر زەمینە کردەوەی سەنعەت نییە
بێت و کوردستان ببینێ کێ ئەڵێ جەننەت نییە
حەمدی:
بولبول بە خەندە دێت و دەڵێ دەی بڕایەوە
شاخی درەختی عومری شکۆفە ژیایەوە
تەقلیدی دیدەکانی منی کردووە زەمین
هەرکۆرە شێوە چەشمەیی تێدا ژیایەوە
نەورۆزە جەژنە بۆیە چراخانی عالەمە
یا ئاگری لە عومری شیتا چوو کوژایەوە
عەرعەر لە لەنجەدایە لە ڕەقسایە سەروەکان
بەرگی چەمەن لە ڕەنگی زموڕڕود کرایەوە
خەیرولخەلەف نیهالی لە جێدایە سەوز و تەڕ
داری بە بەفر و بادی زمستان شکایەوە
وەفایی:
نەسیمی بایی نەورۆزی شەمیمی عەبھەری ھێنا
موریدی عاشقان دیسان پەیامی دولبەری ھێنا
نەوید ئەی عاشقانی دڵفگار یار ھاتە سەر خەندە
سەڵا ئەی بولبولان دیسان درەختی گوڵ بەری ھێنا
زاری:
سەبا ھەستە لە خەو نەورۆز واھات
بڵێ با لەشکری زستان بڕوات
بەسە جەور و جەفای بەھمەن و دەی
لە دڵ سەبر و لە تەن خۆ گیان دەرھات
بە سەرمانا کڕێوەی بەفر تاکەی
بدات و دابپۆشێ شار و دێھات
ھەتا کەی تەم بەری خورشێد بگرێ
لە ڕووناکی بەری بن ھەردو باغات..
سەید کامیل ئیمامی :
کێ دی وەها لەپڕ گوڵی هیوا بپشکوێ!
نەورۆز و ڕۆژی خۆشیی گەلی کورد وەدەرکەوێ
ڕۆژی نەجاتە، کاتی خەباتە، فریشتەکەت
کوردە! ئەگەر نەترسی سەری ناوەتە سوێ
هەر چاوەڕێی خەباتی من و تۆیە کاکی خۆم!
من حازرم ئەگەر کەسێ بێت و ڕەگەڵ کەوێ
شەرتە نەدەم وچان و وەنەوز و خەوم نەبێ
هەر نەسرەوم دەمێ، لە بەیانی هەتا شەوێ
تا کفنی دوژمنم نەبڕم، نەیکەمە بەری
نەینێمە گۆڕی پیسی، نەڵێم ژینی خۆم دەوێ
بێکەس:
ساقی بەهارە… ساقی بەهارە
ساقی بڕوانە دنیا بەهارە
زەمین سەراپا گوڵ و گوڵزارە
چریکەی باز و نەغمەی هۆزارە
نەورۆز پەیدا بوو لە گردی یارە
تێ بکە لە چاوی ئەو عیشوەدارە
کوا فرسەتێکی هەروەک ئەمجارە
تێ بکە چ وەختی توانج و عارە
نافیع :
موبارەک بێ لەسەر گوڵبەرگی ژین ئەم جەژنی نەورۆزە
بە دڵخۆشی هەموو دڵداری خاک هەرچی دڵسۆزە
بە سەربەرزی ئەوەی وا باخچەکەی ژینم دەنەخشێنێ
وەکوو گەردانەیی دڵبەر بە ڵاڵ و دنکە پیرۆزە
بەهار هاتوو و لە دیلی مژدەی بێ ئەمنیش نەجاتم بوو
بەسەرچوو پاییز و چاومان بڕا لەو با و تەپوتۆزە
خوا تۆ پیرەمێردم بۆ سڵامەت کەی ئیتر بەسمە
کە ڕووناکی وڵات و نیشتیمانمانە و چرای هۆزە
لەبۆ ناکام و بەنگینە دڵم شێواو و غەمگینە
بەهارە و دەشتودەر شینە و شپرزەم فکرم ئاڵۆزە!
شێخ ئەحمەد شاکەلی:
لەرزین لە ترسی سەرما ترسی نەما لە سەرما
برکی ئەدەم لەبەرما، بەرگی گرانی سەرما
بە تیشکی تاوداری هەتاوی مانگی نەورۆز
شکا شکۆهی سەرما، بێ دەست و پاوو سەرما
چەمەن چە ئاودارە پۆپەی چیا بەهارە
نزاری لالەزارە سەرما بەبێ ئەسەر ما
خادیم:
سروەی نەسیمی سوبحی بەهاری گەڕایەوە
تاریکی ڕۆژی فەسڵی خەزانیش بڕایەوە
ئەنفاسی وا لە نەفحەی «روح القدس» ئەچێ
عیسا سیفەت شکۆفە بەسەریا ژیایەوە
تەئسیری کردە شاخی گریبانی لاخی دار
شاخی درەخت مریەمە وا چوو بەلایەوە
نەورۆزە، نەوبەهارە، بەهاوارە عەندەلیب
مەستانە خۆی لە مەوجی گوڵانا تلایەوە
موخلیس:
سەیری نەورۆز و بەهاری خاکی کوردستان بکە
گەردەنی خۆت هەڵبکێشە سەیری شاخ و داخەکان
نەوجەوانانی بەهارت دێتە بەرچاو چین بە چین
نازک و نازدار و بێگەرد هەروەکوو ڕۆحی ڕەوان
عەکسی ڕەنگی ئەو گیایانە کە وا لێکتر ئەدەن
چاو دەبێ شۆڕکا ئەگەر تاوس موقابیل بێ بەوان
عاسی:
ڕۆژی نەورۆزە عەزیزان ئەووەلی فەسڵی بەهار
کاتی شایی و هەڵپەڕینە زۆر بە لار و لەنجەوە
فەرموو با هەستین بچین و سەیری ناوباغان بکەین
شۆڕەبی بسکی دەلەرزۆ ڕوو بە ڕووی ئەگریجەوە
غونچە دێتە پێکەنین و بولبولیش ئێشک چییە
بەڵکوو ئیمڕۆ خۆی ببینێ لێو بە لێوی غونچەوە
هێدی:
جێژنی نەورۆزە وەتەن! وا کاتی پیرۆزبایییە
جێژنی لاو و کیژوکاڵی تۆیە، ڕۆژی شایییە
هەر هەڵاڵەی زەردە بۆنی دێ لە ڕێگەی دوورەوە
هەر چڵووکی دارە زەردەی دێ بە خونچەی سوورەوە
ئەو گوڵاڵە ئاڵ و سوورە بولبولی سەرخۆش دەکا
چەپڵەڕێزانێ لە زستان و قەلی ڕووڕەش دەکا
کەمالی:
ڕۆژی نەورۆزە کە دنیا پڕ لە ساز و سۆز ئەکا
نێرگز و لالە و وەنەوشە ڕووی زەوی پیرۆز ئەکا
پەلکەزێڕینەی بە ئاڵا وا فەلەک هەڵکردووە
دای لە تەپڵی هەور و شایی پادشای نەورۆز ئەکا
تا ئەبەد مەمنوونی لوتفی بای شەماڵم چونکە وا
پەرچەمی ئەو نازەنینە جاربەجار ئاڵۆز ئەکا
مەزڵووم:
نەورۆز بەخێربێی جەژنی نەوبەهار
دنیات نەجات دا لە سەرما یەکجار
سوپای عەدلی تۆ گەیشتە لامان
نوقمین لە گوڵدا سەرتا بەدامان
بە هەوات لە جێی گەرمیان و کوێستان
گوڵ خێمەی هەڵدا بەیداغی چەقان
شاهۆ:
نەورۆزە جەژنە شاخ و چیا کێو و دشت و دەر
تارایی سەوزی دا بەسەرا سەوزی کردە بەر
ڕازایەوە بە ڕەنگی گوڵان نیشتمانی کورد
بووژایەوە درەخت و چرۆی جوانی کەوتە دەر
خونچە بە بای نەسیمی بەیان کەوتە پێکەنین
سۆسەن گەشاوە، یاسەمەنیش تاجی نایە سەر
شەوبۆ و چنوور و سوورە هەراڵە و کەما و لۆ
تازە لە ژێری بەفرەوە سەریان دەیێتە دەر
نەغمەی حەزینی بوڵبوڵی شەیدا لە عەشقی گوڵ
تەئسیر ئەکاتە ناو دڵی غەمبار و ناو جگەر
قاسپەی کەو و چریکەیی تەیر و تیووری تر
خۆشی ئەدەن بە دڵی ماتی پڕ کەدەر
بێسارانی:
نەورۆز گوڵی هەن نە پای سەراوان
بەرمەیۆ نە سای ڕێزەی وەفراوان
سەرتاپا کەبوود، وێ بە خەم ڕەشتە
بۆی موشک و عەنبەر، بە خاڵدا وەشتە
پەل پەل نوختەی نوور، ڕێزەی مرواری
بە نوختەی خاڵان، وێ کەرد دیاری
دەستە بە دەستە چوون زوڵف وەشبۆ
بەر ئامان، مدران، کۆ کۆ نەپای کۆ
شێوەی نەورۆز گوڵ هابەو نەخشەوە
بەو نەخشی خاڵان وەشبۆی پەخشەوە
ئامادەکردنی؛ هەرێم بەهادین
سەرچاوە؛ دیوانی شاعیران – ڤەژینبوکس