بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دوكان ڕایدەگەیەنێت، گرانی كەپر لە نەورۆزدا بەو مانایە نیە تەنها كەپرەكە بەو نرخە گرانە بێت، هەندێك شوێنی گەشتیاری هەیە خانوویەكی دوو نهۆمە لەگەڵ كەپرێك بۆ ئەمساڵ بۆ ماوەی 24 كاتژمێر دەدرێت بە 750 دۆلار .
ڕێژین ڕەئووف، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دوكان بە (خەڵك) ی ڕاگەیاند، لەكاتی بۆنەكاندا لە ناوچە گەشتیارییەكان لۆد دروست دەبێت، بەڵام نرخی كەپرێك بەمانای كەپر نرخەكەی زۆر بەرز نابێتەوە، بەجۆرێك هەندێك لە میدیاكان باس لە 800 دۆلار دەكەن تەنها بۆ كەپرێك.
وتیشی،”شوێنە گەشتیارییەكان لە دوكان چەند جۆرێكن، لەوانە كەپر بەتەنها و خانوی یەك بێدی بێ كەپر و بە كەپرەوە هەیە، یان ئەو خانووانەی كەپریان لەگەڵدایە، لەگەڵ ئەو خانووانەی دووقاتن بە كەپرەوە، هەموو ئەمانە بە كەپر ناویان ڕۆیشتووە”.
ڕاشیگەیاند، لە كاتی بۆنەی نەورۆزدا نرخی ئەو جۆرانەی لەسەرەوە باسمان كرد، لە 300 دۆلارەوە دەست پێدەكات تا دەگاتە 750 دۆلار، بۆ ڕۆژانی 21 و 22ی نەورۆز، لەكاتی ئاساییدا بە 200 دۆلار بە كرێ دەدرێت بۆ 24 كاتژمێر .
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، كە ئەو جۆرە شوێنە گەشتیاریانە، كە بەو نرخە دەدرێت ژمارەیەكی زۆر خێزان بە یەكەوە بە كرێ دەیگرن و لەكۆتاییدا بۆ هەر تاكێكی خێزانە ڕەنگە 5 دۆلار نەكەوێت، ئەمەش لەو ڕووەوە زۆر هەرزان لەسەر گەشتیاران دەكەوێت.