ئەندامێكی كوردی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات، كە وەزارەتی خوێندنی باڵا و ئەنجوومەنی ڕاژەی عێراق بڕیاریانداوە بە دامەزراندنی یەكەمەكانی زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێم و ئەوانەش، كە خاوەنی بڕوانامەی باڵان.
د. بڕیار ڕەشید، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لە پەراوێزی كۆبوونەوەی هەردوو لیژنەی خوێندنی باڵا و لیژنەی ستراتیژ و پلانی حكومی لەگەڵ هەریەك لە سەرۆكی دامەزراوەی ئەنجوومەنی ڕاژە و وەزیری خوێندنی باڵای حكومەتی فیدڕاڵ گفتوگۆمان كرد سەبارەت بەهەنگاوەكانی دامەزراندنی یەكەمەكانی زانكۆ و پەیمانگاكان حكومەتی هەرێم و خاوەن بڕوانامە باڵاكانی هەرێم.
وتیشی، “وەزیری خوێندنی باڵای عێراق و سەرۆكی ئەنجوومەنی ڕاژە جەختیان كردەوە لەوەی كارەكانیان بەردەوامە بۆ دامەزراندنی یەكەمەكان و بڕوانامە باڵاكان، تەواوی زانیاری ئەم دووچینە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمەوە نێردراون بۆ بەغدا”.
وەك ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت: سەرۆكی ئەنجوومەنی ڕاژە دڵنیایی دا لەوەی كۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم دەرئەنجامی زۆر باشی هەبوو و پێی وتین لە ئایندەیەكی نزیكدا وەڵامێكی دڵخۆشكەرتان دەدەینەوە.