بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاشكرای دەكات، ئەو تۆمەتبارەی سوووكایەتی بە كەسێكی دەروون نەخۆش كردووە و لێی داوە، دەستگیركرا.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، دوای ئەوەی گرتە ڤیدیۆیەك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبووەوە، كە وا تۆمەتبارێك هێرش دەكاتە سەر كەسێكی دەروون نەخۆش و لێی دەدات، بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی، بنكەی پۆلیسی سەرای ڕاسپارد، كە بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەی بەپەلە بكەن بۆ دۆزینەوە و دەستگیركردنی تۆمەتبار.
ڕاشیگەیاندووە، دوای گەڕان و بەدواداچوونەكان توانرا تۆمەتبار بدۆزرێتەوە و لەلایەن بنكەی پۆلیسی سەرا دەستگیربكرێت، كە هێرشی كردبووە سەر هاووڵاتییەكی دەرون نەخۆش بەناوی (د،ع،ع ) و لێی دابوو.
جەختیشی كردۆتەوە، لە ئێستادا تۆمەتبار بەبڕیاری دادوەر ڕاگیراوە و لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.