وەزارەتی دارایی: زیاتر لە 4 هەزار خانەنشین و فەرمانبەر دوو مووچەیان هەبووە



وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، دۆسیەی ٤١٨٩ فەرمانبەر و خانەنشین ڕەوانەی دیوانی چاودێری دارایی دەكات، كە بەشێوەی نایاسایی دوو مووچەیان هەبووە، دەشڵێت: “٣٦٧ كەس بەنایاسایی دوو مووچەی فەرمانبەریان وەرگرتووە”.

وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، كە بەپێی بڕیاری كۆتایی لیژنەی وردبینی و لێكۆڵینەوەی تایبەت بەلیستی فەرمانبەران و خانەنشینان، كە ژمارەیان 10 هەزار و 819 مووچەخۆر بوو، لە سیستەمی بایۆمەتری دووجار یان زیاتر تۆماركراون.

ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە، كە دوای تەواوكردنی ڕێكارەكانی یەكلایی كردنەوەی ناوی ئەو مووچەخۆرانەی، كە دوو مووچەیان هەیە لەلایەن لیژنەی تایبەتمەند، لە كۆی 10 هەزار و 819 دۆسیەی دوو مووچەیی، دەركەوت كە 4 هەزار و 189 دۆسیەیان بەنایاسایی دوو مووچەیان هەبووە.

ئاشكراشیكردووە، كە ١٩٧٣ كەس بەنایاسایی دوو مووچەی خانەنشینیان وەرگرتووە و ١٨٤٩ كەس بەنایاسایی دوو مووچەی فەرمانبەری و خانەشینیان وەرگرتووە و هەروەها ٣٦٧ كەس بەنایاسایی دوو مووچەی فەرمانبەریان وەرگرتووە.

هاوكات ئەوەشخراوەتەڕوو، كە وەزارەتی دارایی و ئابووری دۆسیەی سەرجەم ئەو مووچەخۆرە نایاساییانە بە داتا و زانیاری تەواو ئاڕاستەی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی كوردستان دەكات تا لە ڕێگای دەستەكانیانەوە وردبینی لە ڕێكارەكانی بڕین و گێڕانەوەی ئەو بڕە مووچانە بكەن كە لە دوای ( ٢٠٢٠/٧/١ ) بەدواوە بە نایاسایی وەرگیراون، پێویستە بەزووترین كات لێیان وەربگیرێتەوە و بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی.

ئەو كەسەی سووكایەتی بە نەخۆشێكی دەروونی دەكات دەستگیركرا
پێت ئەو كەسەی سووكایەتی بە نەخۆشێكی دەروونی دەكات دەستگیركرا
دوات “لەسەر بەهەدەردانی ٥٠٥ ملیار ١٠ کەسی بانکی شيمال دادگایی دەکرێن”
پەیوەنیدر