بەرەیەكی نوێی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێم دروستدەكرێت



دوو قەوارەی دیكەش لە ڕێگادان

ماوەی ساڵێكە چەند كەسایەتییەكی سیاسی هەرێمی كوردستان لە ئامادەكاریدان بۆ دروستكردنی بەرەیەكی نوێ، هاوكات دوو قەوارەی دیكەش لە ڕێگادان.

بەپێی ڕاپۆرتێكی ڕادیۆی دەنگی ئەمریكا، ئەو بەرەیە لە هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێمدا بەشداریدەكات، بەڵام دیار نییە تەنیا وەك لیستێكی هەڵبژاردن بەشداریدەكات یان لە داهاتوودا وەك حیزب خۆی ڕادەگەیەنێت.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە ” ئەندامانی سەرەكی و پێكهێنەری بەرەكە بەشێكی زۆریان پێكهاتوون لە ناڕازییەكانی بزووتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵی دادگەری، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری ‌‌و بەشێكی دیكەش خەڵكی ناو ڕێكخراوەكان و چالاكوانن.”

سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان و مەسعود عەبدولخالق، سەرۆكی دەزگای ستاندارد دوو لەو كەسانەن وەك ئەندامی سەرەكی ناویان لە بەرەكەدا هێنراوە.

لەمبارەیەوە یوسف محەمەد رایگەیاند “نایشارینەوە پێكهێنانی بەرەیەكی فراوان بابەتێكی تازە نییە و لە دوای بەرەی ‘هیوا’ لە پەرلەمانی عێراقەوە ئەم بابەتە گفتووگۆی لەبارەوە دەكرێت.”

هەرچی مەسعود عبدولخالقیشە، دەڵێت” خراپی دۆخی هەرێمی كوردستان هەر ئەوەی لێدەخوێندرێتەوە كە بەرەیەكی زۆر فراوان لە دەرەوەی یەكێتی و پارتی دروستبكرێت.”

ڕاشیگەیاند، پێشوازی لە ئەو هەنگاوە دەكات، بەڵام ڕەتیكردەوە بەشێك بێت لە بەرەكە “من ئەندامی بەرەكە نیم، بەڵام بە دڵنیاییەوە پشتیوانی لێدەكەم.”

بە پێی زانیارییەكان، كەسانی ئەندام لەم بەرەیە پێیانوایە، حزب ناتوانێت جێگەی خۆی بگرێت، بۆیە بیر لەوەدەكەنەوە بەرەكە گشتی و هاوبەش بێت لە دەرەوەی یەكێتی و پارتی و دوای خۆ ئامادەكردن و خۆ ڕاگەیاندن، لەگەڵ حزبەكانی تریش بتوانن هاوپەیمانی ببەستن و بەرەی دەرەوەی دەسەڵات دروستبكرێت.

ئەمە لە كاتێكدایە، هەریەك لە ئەدهەم بەرزانی و شێخ نەهرۆی كەسنەزانی نیازیان هەیە لە داهاتوودا دوو قەوارەی تر دروست بكەن.

هەرچەندە تاكو ئێستا وادەی هەڵبژاردن بە فەڕمی دیارینەكراوە، بەڵام بەپێی لێكنزیكبوونەوەی لایەنەكان ئەگەری هەیە پایزی ئەمساڵ هەڵبژاردنەكان لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەبچن.

دابەشكردنی مووچە بەردەوام دەبێت
پێت دابەشكردنی مووچە بەردەوام دەبێت
چۆن دڵمان بپارێزین كاتێك شەكرەمان لەگەڵدایە ؟
دوات چۆن دڵمان بپارێزین كاتێك شەكرەمان لەگەڵدایە ؟
پەیوەنیدر