بەپێی ئامارەكانی مارەبڕین و جیابوونەوە لە هەرێمی كوردستان، لە ساڵی ٢٠٢٢دا ١٣ هەزار و ٩٦٧ هاوسەر لێك جیابوونەتەوە، لەبەرامبەردا ٥٥ هەزار و ٨٩٦ مامەڵەی هاوسەرگیری تۆماركراوە و بەپێی ئامارەكەش لەگەرمیان ڕێژەی جیابوونەوە كەمی كردووە.
پارێزەر ڕێبین سەباح، لەبارەی ئامارەكانی جیابوونەوەی هاوسەران لەهەرێمی كوردستان بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، لای ئێمە ئامارەكانی زیادبوونی كێشەی خێزانی و جیابوونەوە پێشبینی كراوبوو، دەبێت هیوا بەساڵانی ڕابردوو بخوازین، چونكە ساڵ بەساڵ ڕێژەی جیابوونەوە زیاتر دەبن.
دەشڵێت: “نكۆڵی ناكرێت ژمارەی هاوسەرگیری كردن لەساڵی ڕابردوو زۆر بووە، بەڵام ژمارەی هاوسەرگیری كردن لەساڵانی پێشووش زۆر بووە تەنها لەساڵی ٢٠٢٠ نەبێت”.
ڕێبین سەباح ئاماژەی بۆئەوەشكرد، هۆكارەكانی جیابوونەوەی هاوسەران زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ خیانەت و ناپاكی هاوسەرگیری و بەیەكەوە نەگونجان و خراپ بەكارهێنانی تەكنەلۆژیا، لەهەمان كاتدا هەندێ كات بەهۆی كێشەی زۆر بچووك بەداخەوە جیادەبنەوە، هەروەها هۆكاری ئابووریش یەكێكی ترە لەهۆكارەكان كە لایەنی ئابووری هاوبەشە لەگەڵ هەموو هۆكارەكانی تر.
ئەو پارێزەرە ڕوونیشیكردەوە، لایەنی هۆكاری كێشە خێزانیەكان بۆ هەردوو ڕەگەز دەگەڕێتەوە، بەڵام ڕێژەكە بەپێی ئەو كەسەی زیاتر هۆكاری كێشەكانە دەگۆڕێت.