بارزانی بۆ “مۆنیتۆر”ی ئەمریكایی: ئەزموونی كوردستانی عیراق بۆ پارچەكانی تر گونجاو نییە



مەسعود بارزانی، ئاماژە بە بوونی كەشێكی ئەرێنی دەكات لە دانوستانەكانی پەیوەست بە بودجە، باس لە پەیوەندییەكانیش دەكات لەگەڵ ئەمریكا و ئێران و چین و پێیوایە هەموو ناوچە كوردستانییەكان تایبەتمەندی خۆیان هەیە لەنێو ئەو وڵاتانەی تێیدا دەژین.

مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دیمانەیەكی لەگەڵ ماڵپەڕی “مۆنیتۆر”ی ئەمریكایی ڕایگەیاند:”هیچ هۆكارێك نابینێت بۆ دواخستنی زیاتری هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە هەرێم، هیواشیان وایە كەشێكی ئەرێنی بخولقێت بۆ ئەو وتوێژانەی حكومەتی هەرێم دەیانكات لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ لەسەر بودجە” كە بە بۆچوونی ئەو: “دەكرێت ببنە مایەی دانوستان لەسەر یاسای نەوت”.

بارزانی لە دیمانەكەدا دەڵێت:”لە ڕابردوودا پرسی بودجە بەشێوەیەكی نادادپەروەرانە لەدژی هەرێمی كوردستان بەكارهێنراوە، بە تایبەت سەبارەت بە ڕێژەی داهاتەكان و ئەو پشكەی بۆ هەرێمی كوردستان تەرخان دەكرێت، ئێمە ناڵێین ئەو بڕیارەی لەمجارەدا دراوە لەبارەی بودجەوە 100% ئەوەیە كە ئێمە دەمانویست، بەڵام هەنگاوێكی باشە بەرەو پێش و دەكرێت ببێتە زەمینەسازیی بۆ قسەكردن لەسەر یاسای نەوت”.

لەلایەكی ترەوە، بارزانی ئاماژەی بە ئەزموونی كورد كرد لە عیراق كە خۆی لە حكومەتێكی سەربەخۆی كوردیدا دەبينێتەوە لە چوارچێوەی عیراق، ئەمەش بە وتەی مەسعود بارزانی:”ناكرێت ڕاستەوخۆ بەسەر وڵاتانی تردا جێبەجیًَ بكرێت، چونكە هەر ناوچەیەكی كوردستانی تایبەتمەندی و پێگە و ڕەوشی تایبەت بەخۆی هەیە لەنێو ئەو وڵاتانەی تێیدا دەژین، بۆیە ناكرێت بڵێین ئەزموونی كورد لە عیراق، بۆ كوردانی سوریا و توركیا و ئێران دەگونجێت. دەبێت لەنێو ئەو وڵاتانەدا چارەسەر بۆ پرسەكە بدۆزرێتەوە”.

بارزانی باسی لە ئەولەویەتی ئێستای واشنتن كرد كرد كە ڕەنگە لەئێستادا گۆڕانكاریی بەسەردا هاتبێت و وتى :”چین و ئۆكراینا لە ڕیزبەندی سەرەوەی ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەكەدان، بەڵام بەو مانایە نییە كە ویلایەتە یەكگرتووەكان بایەخێكی كەمتر دەدات بە عیراق و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست”.

سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان پێیوایە:”ناكرێت ڕەوشی ئێستا بە ڕەوشی قۆناغەكانی پێشوو بەراورد بكرێت، بەڵام ئەمریكا تائێستاش بە گرنگییەوە دەڕوانێتە ناوچەكە”، ئاماژەی بە سەردانەكەی ئەم دواییەی لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریكاش كرد كە هەفتەیەك لەمەوبەر هاتە عیراق.

مەسعود بارزانی دەڵێت:”ئۆستن لە سەردانەكەیدا جەختی لەسەر گرنگیپێدانی ئەمریكا كرد بە ناوچەكە و باسی لە بەردەوامبوونی پەیوەندییەكانی وڵاتەكە كرد لەگەڵ گەمەكەرەكان لە ناوچەكە”، و وتی :”تائێستاش هەڕەشەكانی داعش بەردەوامن”.

 

 

وەزارەتی دارایی كارئاسانی بۆ دابەشكردنی مووچەی كەسوكاری شەهیدان دەكات
پێت وەزارەتی دارایی كارئاسانی بۆ دابەشكردنی مووچەی كەسوكاری شەهیدان دەكات
مپاپێ‌ دەبێتە كاپتنی كەڵەشێرەكان
دوات مپاپێ‌ دەبێتە كاپتنی كەڵەشێرەكان
پەیوەنیدر