كۆمەڵی دادگەری كوردستان ڕایدەگەیەنێت، كۆمەڵ بۆ هەڵبژاردنی پەڕلەمانی كوردستان لەگەڵ لیستی نیمچەكراوەدایە و دەشڵێن ،” تا ئێستا وەك پێویست قەرەبووی هاووڵاتیان و كەسوكاری قوربانییەكان و بریندارەكانی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە نەكراوەتەوە.
بە سەرپەرشتی عەلی باپیر، ئەنجوومەنی سەركردایەتی كۆمەڵی دادگەریی ئەمڕۆ لە شاری هەولێر، كۆبووەوە لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، كە كۆمەڵ بۆ هەڵبژاردنی پەڕلەمانی كوردستان لەگەڵ لیستی نیمچەكراوەدایە.
هاوكات لە ڕاگەیەنراوەكەدا ئاماژە بۆ ئەوەكراوە، لە ساڵی 1991 هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان لەپێناو ئازادی و دەستەبەركردنی مافەكانیان ڕاپەڕینیان ئەنجام دا، بەڵام دوای 32 ساڵ حكومڕانی پارتی و یەكێتی، خەڵك نادادی، شكاندی شكۆی مرۆڤ، نەبوونی سەرەتاییترین مافەكان و خزمەتگوزارییەكانی چنییەوە.
لە بەشێكی دیكەی ڕاگەیەندراوەكەدا تیشك خراوەتە سەر ساڵیادی كیمیاییبارانی هەڵەبجە و تێیدا هاتووە، بەداخەوە تا ئێستا وەك پێویست قەرەبووی هاووڵاتیان و كەسوكاری قوربانییەكان و بریندارەكان نەكراوەتەوە، تا ئەوەی لەو ڕێگەیەوە كەمێك لە ناڕەحەتییەكانیان كەمتر بكرێتەوە.
لە كۆتاییشدا، سەركردایەتی كۆمەڵ پرسی هەڵبژاردنی داهاتووی پەڕلەمانی كوردستانی تاووتوێ كردووە و ڕایگەیاندووە: جەخت دەكەینەوە هەڵبژاردن بەشێوازی نیمچەكراوە بێت، ئەمەش لە دادگەرییەوە نزیكە كە هاووڵاتی خۆی نوێنەرەكانی بەشێوەی ڕاستەوخۆ دیاری بكات، كۆمەڵ هەڵوێستی خۆیشی لە”چواربەزنەیی”و”بەكارهێنانی تۆماری دەنگدەرانی عێراق” دووپات دەكاتەوە.