بەهۆی ئەو بارانە بەلێزمەی لە ئێوارەی دوێنێوە شاری رووهای باكووری كوردستانی گرتووەتەوە ژمارەیەك لە چەمەكان سەرڕێژبوون و ژمارەیەك لە كۆڵان و شەقامەكانی ناوچەكانی ئەیوبییە، خەلیلییە و كاراكۆپرو ژێرئاو كەوتوون.
بەهۆی باران بارینی بەلێزمە و سەرڕێژبوونی ئاوەوە، ژمارەیەكی زۆر ئۆتۆمبێل لەنێو ئاودا گیریان خواردووە، هاتووچۆ بەنێو ژمارەیەك لە ئەندەرپاسەكان و هاتووچۆی ئۆتۆمبێلەكان سەخت بووە.
بەهۆی پڕبوونی ئەندەرپاسێك لە ئاو، تیمە پەیوەندیدارەكان رێوشوێنی پێویستیان گرتەبەر و باران بارینیش بەردەوامە.
پارێزگاری ڕووها، ساڵح ئایهان لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی رایگەیاند: “كاریگەرییەكانی بارانە بەلێزمەكە بەردەوامە. بەهۆی سەرڕێژبوونی چەمەكانەوە پێویستە ئەو هاووڵاتییانەی ماڵیان لە نزیك چەمەكانە یاخود لەژێرزەمیندا دەژین ماڵەكانیان جێ بهێڵن”.
بەپێی زانیارییەكان لە لافاوەكەی باكووری كوردستان كە شارەكانی روها و سەمسووری گرتووەتەوە تا ئێستا پێنج كەس گیانیان لە دەست داوە.