كێشەی نەوت و بوودجە بەیەكجاری چارەسەر دەكرێن



سوودانی بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەی نەوت و مووچە لە هەرێمە و كۆتایی بە دواكەوتنی مووچە دێت

محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق دوێنێ چووە هەولێر لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی كوردستان دیدار و گفتووگۆی ئەنجامدا، هۆكاری سەرەكی سەردانەكەی بۆ هەرێم ڕێككەوتنی كۆتاییە لەسەر نەوت و بوودجە، چونكە دەیەوێت كۆتایی بەو كێشە دە ساڵییە بهێنێت، هەرێمی كوردستانیش بەڵێنی چارەسەركردنی كێشەكانی داوە و بەوەش كۆتایی بە قەیرانی مووچە دەهێنرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە سوودانی بۆ بەشداریكردن لە دیداری زانكۆی ئەمریكایی لەسلێمانی گەیشتە شارەكە دوای ئەوەی دوێنێ گەیشتە هەولێر.

بەپێی سەرچاوەی میدیا عێراقییەكان، سەردانەكەی سوودانی بۆ هەرێمی كوردستان بۆ دووپاتكردنەوە و جەختكردنەوەیە لەسەر ئەو ڕێككەوتنەی لەنێوان هەرێم و بەغدا لەسەر بودجە كراوە.

بەپێی سەرچاوەكان، سوودانی خوازیارە بە یەكجاری لە كابینەكەیدا كۆتایی بە مشتومڕی كێشەی نێوان هەرێم و بەغدا بهێنێت بەتایبەت لەسەر نەوت و بودجە، كە لە كابینەكانی پێشوودا چەندین ڕێككەوتن كراون و هەرێم و بەغدا پێیانەوە پابەندنەبوون.

بەڕای شرۆڤەكاران هەرچەندە جارێ هیوا كەمە بۆ پابەندبوونی هەرێمی كوردستان بە ڕێككەوتنەكانی لەگەڵ بەغدا بەتایبەت لەسەر پرسی نەوت و داهاتەكەی، بەڵام سوودانی لە هەوڵەكانی بەردەوام دەبێت و هەرێمی كوردستانیش بەڵێنی جیدی بە سوودانی داوە پابەند بێت.

بەپێی ڕێككەوتنی هەرێم و بەغدا لەسەر نەوت و بودجە لەیاسای بودجەدا پشكی هەرێمی كوردستان 12.6% یە و هەروەها بەغدا چاودێری داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكات.

سائیر جبووری ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەلێدوانێكدا دەڵێت لایەنە سیاسییەكان توانییان پشكی هەرێم لە بودجە و دۆسێی نەوت و میكانیزمەكانی یەكلاییبكەنەوە، بەجۆرێك كێشەكانی پێشوو دووبارە نەبنەوە.

جبووری دەشڵێت “بەپێی ڕێككەوتنەكە داهاتی نەوتی هەناردەكراوی هەرێم لە بانكە عێراقییەكاندا دەبێت بەچاودێری حكومەتی ناوەندی لەپێناو گەیشتنەوەی داهاتەكان بە بەغدا، دوای ئەم ڕێككەوتنەش لێكتێگەیشتنەكان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەرێم لەسەر دۆسێی نەوت و غاز بەردەوام دەبن، سەردانەكەی سوودانیش بۆ هەرێم لەو چوارچێوەیەدایە، سوودانی خوازیاری تێپەڕاندنی بودجەیە بە بێ هیچ كێشە و گرفتێك”.

ڕەفیق ساڵحی ئەندامی پەرلەمان لە هاوپەیمانی فەتح دەڵێت “سەردانەكەی سوودانی بۆ هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی سەرەكی لەسەر بودجە و پابەندكردنی هەرێمە بە ڕادەستكردنەوەی داهاتی نەوت بە بەغدا و دەیەوێت چارەسەرێكی بنەڕەتی بۆ ئەو كێشەیە بدۆزێتەوە”.

دەشڵێت: سوودانی دەیەوێت تەواوی داهاتی نەوت بگەڕێنێتەوە.

یەكێكی دیكە لە ئەندامانی هاوپەیمانی فەتح عائید هیلالییە دەڵێت ” خواستێكی دوولایەنە لای هەرێم و بەغدا بۆ دانانی سنوورێك بۆ كێشەكانی نێوانیان دروستبووە، سەرۆك وەزیرانیش كە چووە هەولێر دوای وەرگرتنی بەڵێن و دڵنیایی لە دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە بووە”.

دەشڵێت: ڕێككەوتنی سعودیە و ئێرانیش كاریگەری ئەرێنی دەبێت لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێم و بەغدا.

بەڕای شارەزایانی ئابووری بە سەركەوتنی ئەو هەوڵانەی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا دەستیانپێكردووە، دەتوانرێت قەیرانی مووچە لە هەرێمی كوردستان بە تەواوەتی چارەسەر بكرێت كە نزیكەی 10 ساڵە سەریهەڵداوە، بەپێچەوانەوە لە شكستهێنانیشیدا جارێكی دیكە قەیرانی مووچە خراپتر دەبێت بەتایبەت لە حاڵی دابەزینی زۆرتری بەهای نەوت.

لەلایەكی دیكەوە بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێكەوتی 15ـی ئاداری 2023، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆببێتەوە و بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكە، تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی دەرنجامی سەردانەكەی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان‌و دوایین هەنگاوەكانی پەسەندكردنی یاسای بوودجەی گشتی عێراق، لە بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەكەدا دەخرێتەڕوو.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی دارایی ئێستای حكومەتی هەرێمی كوردستان باسی لێوە دەكرێت.

مەسرور بارزانی چارەسەربوونی كێشەی دواكەوتنی مووچەی راگەیاند
پێت مەسرور بارزانی چارەسەربوونی كێشەی دواكەوتنی مووچەی راگەیاند
دەریاچەی پەمەیی، جێیەکی سەرسوڕهێنەری جیهان
دوات دەریاچەی پەمەیی، جێیەکی سەرسوڕهێنەری جیهان
پەیوەنیدر