ڤلادیمێر پۆتین سەرۆكی ڕووسیا ڕایدەگەیەنێت، ڕووسیا خەبات دەكات لەپێناو بوونی دەوڵەتەكەی، ئەو كارەی ئەوانیش دەیكەن ئەركی مانەوەیە و ڕووبەڕوویان بۆتەوە.
پۆتین لە میانی سەردانێكی بۆ شاری ئولان كە پایتەختی كۆماری بۆریاتیای ڕووسیە ڕایگەیاند:”خۆرئاوا لە دوای ڕووخانی یەكێتی سۆڤیەت ویستی ڕووسیا بهەژێنێت و تابوری پێنجی دروستكرد و تیرۆریستانی نێودەوڵەتی ڕەوانە كرد، ڕووسیاش بە هێمنی و لە ماوەی دەیان ساڵدا هەوڵیدا پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئۆكراینا باش بكات، بەڵام دۆخەكە لەدوای كودەتاكەی 2014 گۆڕانكاریی بەسەردا هات”.
بە وتەی پۆتین:”ڕووسیا لە پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئۆكراینا پشتی بەوانە دەبەست كە خۆیان بە بەشێك لە جیهانی گەورەی ڕووسیا دادەنا، بەڵام ئەوانە لە دوای ساڵی 2014وە هەڵمەتی لەناوبردنیان دەستیپێكرد”.
پۆتین دەڵێت:”خۆرئاوا پێیوابوو ڕووسیا لەماوەی دوو هەفتە یان سێ هەفتە یان ڕەنگە مانگێك بڕوخێت پاش ئەوەی سزاكانی سەپاند، بەڵام دوای ئەوە سەروەریی ئابووری ڕووسیا پتەوتر بوو، گرنگترین دەرەنجامەكانیش لە ساڵی 2022دا دەركەوتن، خۆرئاوا بۆی دەركەوت، بنەما ئابوورییە سەرەكییەكانی ڕووسیا زۆر لەوە بەهێزترە كە ئەوان پێشتر بیرییان لێدەكردەوە”.