وەزیری دارایی و ئابووری حکوومەتی هارێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، 400 ملیارەکە بۆ مووچە هاتووە، بۆ هیچ شتێکی دیکە خەرجی ناکەین و دەشڵێت: “دابەشكردنی مووچە هاوشێوەی مانگەكانی پێشوو دەبێت و خێراتر ناكرێت”.
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێم لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، رێککەوتنی تەواو لەسەر بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان لە بوودجەی فیدڕاڵیدا کراوە و 12.67% دەبێت تاوەكو سەرژمێری گشتی لە عێراق دەكرێت.
ڕاشیگەیاند، دەبینین، کە تێگەیشتنی باش لە نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی بەغدا چۆن هەیە.
دەشڵێت: “400 ملیارەکە بۆ مووچە هاتووە، بۆ هیچ شتێکی دیکە خەرجی ناکەین”.
ئاماژەی بەوەشكرد، هیچ مووچەیەک دوانەکەوتووە، کەس خەمی مووچەی مانگەکانی داهاتووی نەبێت.
سەبارەت بە خێراكردنی دابەشكردنی مووچە بەهۆی هاتنی 400 ملیارەكەوە وتی، “دابهشكردنی مووچهی ئهم مانگه هاوشێوهی مانگهكانی دیكه دهبێت و گۆڕانی بهسهردا نایهت و خێراتر ناكرێت”.