وەزیری دەرەوەی ئەمریكا نامەیەك بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەنێرێت و تێیدا جەخت لە چارەسەركردنی یەكجارەكیی كێشەكانی هەولێر – بەغدا بە گفتوگۆ و لێكگەیشتن دەكاتەوە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان نامەیەكی لە ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكاوە پێگەیشت كە تیایدا “خۆشحاڵیی” خۆی بە گفتوگۆی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی دەربڕیوە لە میانی كۆنفرانسی ئاسایشی میونشندا لە شوباتی رابردوو.
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، نێچیرڤان بارزانی نامەیەكی لە ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكاوە پێگەیشتووە و “خۆشحاڵیی” خۆی بە گفتوگۆی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی دەربڕیوە لە میانی كۆنفرانسی ئاسایشی میونخ لە شوباتی ڕابردوودا.
وەك لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، بلینكن ئەو گفتوگۆیەی میونخ-ی بە دەرفەتێك داناوە “بۆ جەختكردنەوە لە پێویستیی چارەسەركردنی یەكجارەكیی كێشەكانی هەولێر – بەغدا بە گفتوگۆ و لێكگەیشتن”.
بلینكن ڕاشیگەیاندووە، “ئەمریكا هاریكاری و هاوبەشییەكی پتەوی لەگەڵ عێراقی فیدڕاڵ و هەرێمی كوردستاندا هەیه” و هەروەها پابەندیی بەردەوامیی پشتگیریی بەهێزی وڵاتەكەی بۆ عێراق و سەقامگیری و ئاسایش و سەروەریی عێراق دەربڕیوە.