بڕیارە لەشاری سلێمانی جامی جیهانی هەرێمەكان بەڕێوەبچێت، بۆ ئەو مەبەستەش وەفدێكی (كۆنیفا) یەكێتی تۆپی پێی هەرێمەكان سەردانی شارەكەی كرد.
قائیمقامیەتی سلێمانی بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە (2023.3.14) ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی پێشوازی لە وەفدێكی (كۆنیفا) یەكێتی تۆپی پێی هەرێمەكان كرد، لەكۆبونەوەیەكدا ئاوات محەمەد، كورتەیەكی لەسەر بوارەكانی مێژوو، كلتور، وەرزش، گەشتوگوزار و بوارەكانی دیكەی شاری سلێمانی بۆ میوانەكان باسكرد و ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، شاری سلێمانی پێشوازی لە بەرێوەچونی جامی جیهانی هەرێمەكان دەكات و شارەكە توانای لەخۆگرتنی ئەو گەشتیار و هاندەری وەرزشانە هەیە كەسەردانی شارەكە دەكەن.
قائیمقامی سلێمانی هیواشی خواست، پاڵەوانیەتییەكە بەسەركەوتویی بەڕێوەبچێت، وتیشی؛ ئێمەش وەكو حكومەت و لایەنی پەیوەندیدار بە وەرزش هەموو شێوەیەك ئاسانكاریی بۆ بەڕێوەچونی جامی جیهانی هەرێمەكان لە كوردستان دەكەین.