چالاكوانانی هەڵەبجە چۆن ئازاد كران؟



دوای ئەوەی بەهۆكاری بانگەوازكردن بۆ خۆپیشاندان و ڕێكخستنی، 10 چالاكوانی هەڵەبجە دەستگیركران، دواتر ئازاد كران، یەكێك لە و كەسانەی دەستگیركرابوو باسی چۆنێتی دەستبەسەركردن و ئازادكردنیان دەكات و دەشڵێت، ئەمڕۆ خۆپیشاندانەكە دەكەین”.

چەند ڕۆژێك بەر لە ئێستا كۆمەڵێك چالاكوانی هەڵەبجە بانگەوازیان بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانێكی بەرفراوان كرد و ڕایان گەیاند كە هاووڵاتییانی هەڵەبجە بایكۆتی یادكردنەوەی كیمیاباران كردنی پارێزگاكەیان دەكەن و لەبەرامبەر پەراوێز خستنی پارێزگاكەیان خۆپشاندان دەكەن.

ڕۆژی ڕابردوو 10 لەو چالاكوانانە دەستگیركران و بڕیاردرا كە هەتا دوای یادی كیمیابارانەكە واتە هەتا 18 ی ئەم مانگە زیندانی بكرێن، بەڵام دوای 6 كاتژمێر ئازاد كران.

فەرهاد قادر یەكێك لە دەستگیركراوەكانی هەڵەبجە ئەمڕۆ بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، لە كۆبوونەوەیەكی ڕاوێژكاری جەماوەری هەڵەبجەدا بڕیاری خۆپیشاندانمان دا، بەدوو ئاڕاستە یەكێكیان ئاگاداركردنەوەی هاووڵاتییان و ئەوەی دیكە ئاگاداركردنەوەی حكومەت بۆ وەرگرتنی مۆڵەت، چوینە قائیمقامیەت و ئاسایشی هەڵەبجە.

لەبارەی چۆنیەتی دەستگیركردنیانەوە فەرهاد قادر دەڵێت، یەكێك لە تیمەكانمان كە دەرچوبوون بۆ ئاگاداركردنەوەی هاووڵاتییان بۆ خۆپیشاندان بە بڵندگۆ ڕێیان لێگیرابوو لەلایەن ئاسایشەوە، ئێمەش چووین بە هانایانەوە بەڵام دەستگیركراین، ئەوە بەبڕیاری دادوەر بوو، بەڵام تێبینیمان لەسەر بڕیارەكە هەبوو، چونكە پێشتر لایەنە پەیوەندیدارەكانمان لە ئەنجامدانی خۆپیشاندان ئاگادار كردەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی یاسا بەپێی میزاج مامەڵە دەكات هەتاكو 11:30 خولەكی شەو ڕاگیراین.

سەبارەت بە چۆنیەتی ئازادكردنیان دەڵێت، دوای شەش كاتژمێر لە دەستگیركردنمان ئازاد كراین ئەوەش دوای ئەوەی لەلایەن ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و نێودەوڵەتییەكان و چالاكوانان و میدیاكارانەوە فشارێكی زۆر كرا و پشتیوانییان كردین، ئەوەش دوای ئەوەی نیازیان وابوو هەتا 18ی مانگ دەستگیرمان بكەن.

دەشڵێت، ئەو چەند كاتژمێرەی ڕاگیرابووین مامەڵەیەكی باشمان لەگەڵ كراو جگە لە مۆبایل هیچ شتێكی تریان لێوەر نەگرتین و وەك زیندانی هەڵسوكەوتمان لەگەڵ نەكرا.

وتیشی، لەبەرامبەر ئازادكرنمان كەفالەت وەرنەگیراوە و هیچ بەڵێنێكیشمان لێوەرنەگیراوە كەخۆپیشاندان نەكەین، بۆیە ئەمڕۆ وەك پێشتر دیاریمان كردووە ڕۆژی خۆپیشاندانە و نزیكەی كاتژمێر 4ی ئێوارە دەستپێدەكات، پەراوێزخستنی پارێزگای هەڵەبجە ونەبوون و كەمی خزمەتگوزراییەكان هۆكاری ئەوەن كە ئێمە خۆپیشاندان ساز بكەین.

ساڵی 2014 بڕیاری بە پارێزگابوونی هەڵەبجە دەركرا و بووە چوارەم پارێزگای هەرێمی كوردستان.

هەڵەبجە لە ساڵی 1889 كراوە بە شارۆكە، تا ساڵی 1930 هەڵەبجە تەنیا لە 500 ماڵ تێنەدەپەڕی، سێ گەڕەكی سەرەكی لە شاردا هەبوون كە بریتی بوون لە گەڕەكی پاشا كە ئێستە سەنتەری شارە، پیر محەمەد و كانی عاشقان كە مێژووی دروستبوونیان زۆر كۆنە، ئێستاش چەندین گەڕەك و شارۆكە و شارەدێ‌ لە خۆ دەگرێت.

 

 

كورتهێنان لە مووچەی مانگی داهاتووی هەرێم درووست دەبێت
پێت كورتهێنان لە مووچەی مانگی داهاتووی هەرێم درووست دەبێت
شەپۆلێكی باران بارین ناوچەكانی هەرێم دەگرێتەوە
دوات شەپۆلێكی باران بارین ناوچەكانی هەرێم دەگرێتەوە
پەیوەنیدر