بڕیار وایە لە كۆبوونەوەی سبەینێی پەڕلەمانی كوردستاندا شوێنی ئەو حەوت پەڕلەمانتارە پڕ بكرێتەوە كە دەستیان لەكاركێشایەوە.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا لیژنەیەك بۆ هەڵسەنگاندن و پاڵاوتنی ئەندامانی ئەنجوومەنی كۆمسیاران پێكدەهێنرێت.
سامان ئەحمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پەڕلەمانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ڕۆژی چوارشەممە پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە و لیژنەیەك بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی كۆمسیاران پێكدەهێنرێت.
وتیشی، هەر لەو كۆبوونەوەیەدا شوێنی ئەو حەوت پەرلەمانتارە پڕدەكرێتەوە كە مانگی ڕابردوو ەستیان لەكاركێشایەوە.
ڕۆژی ٢٧/٢/٢٠٢٣ لە كۆبووەوەیەكی پەرلەمانی كوردستاندا دەستلەكاركێشانەوەی حەوت پەڕلەمانتاری كوردستان پەسەند كرا.
بەرنامەی كاری كۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممەی پەرلەمان بەمشێوەیەیە:
یەكەم: دروستكردنی لیژنەیەك لە ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان تایبەت بە پاڵاوتنی ئەندامانی ئەنجوومەنی كۆمسیاران بەپێی بەندی (1) لە بڕگەی (یەكەم)ی ماددەی (پێنجەم) لە یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی ژمارە (4)ی ساڵی 2014.
دووەم: سوێندخواردنی ئەم پاڵێوراوانەی خوارەوە بۆ ئەندامیەتیی پەرلەمانی كوردستان لە شوێنی ئەو ئەندامانەی دەستیان لەكار كێشاوەتەوە لە هەمان لیست بەپێی حوكمی ماددەی (27) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان:-
١ – (حسێن عوسمان شەریف عومەر)، لە شوێنی ئەندامی دەستلەكاركێشاوە (شێركۆ جەودەت).
٢ – (ئیسلام سعدی عەلی مامەك)، لە شوێنی ئەندامی دەستلەكاركێشاوە (ئەبوبەكر هەڵەدنی).
٣ – (عەبدوڵڵا حەسەن )، لە شوێنی ئەندامی دەستلەكاركێشاوە (ئیسماعیل عەلی).
٤ – (لەیلا عەلی)، لە شوێنی ئەندامی دەستلەكاركێشاوە (سەرچنار ئەحمەد).
٥ – (بیروان فەقێ ئیسماعیل)، لە شوێنی ئەندامی دەستلەكاركێشاوە (هەڵز ئەحمەد).
٦ – (دلێر عەبدولخالق)، لە شوێنی ئەندامی دەستلەكاركێشاوە (عەلی حەمەساڵح).
٧ – (مەهدی عەلی)، لە شوێنی ئەندامی دەستلەكاركێشاوە (كازم فاروق).