كۆبوونەوەی دەزگای هەڵبژاردنی لایەنە سیاسیەكان لە ناو دەزگای هەڵبژاردنی پارتی كۆتایی هات، نوێنەری یەكێتی لەكۆبوونەوەكە ڕایگەیاند، خاڵی هاوبەش لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن لەنێوانمان زۆرە و دەمانەوێت كۆدەنگی لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن هەبێت.
لوقمان وەردی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان و نوێنەری یەكێتی لە كۆبوونەوەی لایەنەكان لەكۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، خاڵی هاوبەش لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن لەنێوانمان زۆرە و دەمانەوێت كۆدەنگی لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن هەبێت، چونكە یاساكە ڕەهەندی نیشتیمانی هەیە.
دەشڵێت، هەماهەنگی دەكرێت لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای سەربەحۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق بۆ سوود وەرگرتن لەلیستی دەنگدەرانیان، هەروەها بەچوار بازنە هەڵبژاردن دەكرێت و بەپێی ئاماری وەزارەتی بازرگانی كورسیەكانی پەڕلەمان بەسەر بازنەكاندا دابەش دەكرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، دەمانەوێت لەمساڵدا هەڵبژاردن بكرێت، بەردەوامی كۆبوونەوەكانیش بۆ ئەوەیە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد ئەنجام بدرێت.
باسی لەوەشكرد، دەمانەوێت بەزووترین كات بگەینە ڕێككەوتن تاوەكو پەڕلەمانی كوردستان دەست بەڕێكارەكانی بكات بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن و كاراكردنەوەی كۆمسیۆن.