سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، جێی نیگەرانی و داخێكی زۆرە، ساڵانە ژمارەیەكی زۆری خەڵك لە هەرێم لە ئەنجامی ڕووداوەكانی هاتووچۆوە، گیان لە دەست دەدەن، دەشڵێت،”دەبێ وەزارەتی ناوخۆ پێداچوونەوە بەسیستەمی هاتووچۆ و ڕێكارەكانی پێدانی مۆڵەتی شوفیری توندتر بكەن”.
مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا ڕایگەیاندووە، كە بە داخەوە دوێنێ شەو لەئەنجامی ڕووداوێكی دڵتەزێنی هاتووچۆ، پێنج كەس لە ئەندامانی یەك خێزان گیانیان لەدەستدا، لە ماوەی تەنیا پێنج ڕۆژیشدا، شازدە كەس لە هەرێمی كوردستان، بەهۆی ڕووداوەكانی هاتووچۆیەوە، بوونەتە قوربانی.
هاوكات ، پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆی، ئاراستەی كەس و كار و بنەماڵەی قوربانییەكان كردووە و هیوای چاكبوونەوەی خێراشی، بۆ بریندارەكان خواستووە.
ڕاشیگەیاندووە، كە جێی نیگەرانی و داخێكی زۆرە، ساڵانە ژمارەیەكی زۆری خەڵك لە هەرێمی كوردستان، لە ئەنجامی ڕووداوەكانی هاتووچۆیەوە، گیان لە دەست دەدەن، بۆیە داوا لە هاونیشتمانییان و شوفێران دەكەم، كە پابەندبن بە ڕێنماییەكانی هاتووچۆ و خۆیان و كەسوكاریان بپارێزن و دووربن لە تیژڕۆیی.
ئاشكراشیكردووە، كە دەبێ وەزارەتی ناوخۆش پێداچوونەوە بە سیستەمی هاتووچۆ بەگشتی و رێنمایی و یاساكانی هاتووچو و ڕێگا و بانەكان بكات و ڕێكارەكانی پێدانی مۆڵەتی شوفیری توندتر بكەن، پێویستە هەموو ڕێكار و ئامادەكارییەك بكرێت بۆ سنووردانان بۆ ڕووداوەكانی هاتووچۆ و دڵنیابوون لە پابەندبوونی هەمووان بە مەرجەكانی سەلامەتی و یاساكانی هاتووچۆ.