ئەمڕۆ دووشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پڕۆژەیاسای بودجەی 2023 تاوتوێ دەكات بە مەبەستی پەسندكردنی.
زیا ناسری، راوێژكاری راگەیاندنی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە، ڕایگەیاندووە، “پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی 2023ـی عێراق لە وەزارەتی داراییەوە نێرداوە بۆ حكومەت و ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیران بۆ تاوتوێكردنی كۆدەبێتەوە”.
ئاماژەی بە ئەوەش كردووە،” چاوەڕوان دەكرێت پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی پەسند بكرێت و دوای ئەوەش محەممەد شیاع سوودانی كۆنگرەی ڕۆژنامەڤانی لەبارەیەوە ئەنجام دەدات”.
لەبارەی پشكی هەرێمەوە هێشتا بەغدا و هەرێم نەگەیشتوون بە ڕێككەوتنی كۆتایی، لەو بارەیەوە فارس عیسا، سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا ڕایگەیاند، “بەگوێرەی داتاكانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، دانیشتووانی هەرێمی كوردستان 13.95%ـی عێراق پێكدەهێنن، بەڵام گفتوگۆ لەسەر 12.67٪ بۆ هەرێمی كوردستان كراوە و ئێمە داوای زیاترمان كردووە. بەگشتی لە 12.67 كەمتر نابێت”.
بەوتەی ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بڕی پارەی بودجەی گشتیی 2023ـی عێراق نزیكەی 200 ترلیۆن دینار دەبێت كە دەبێتە گەورەترین بودجە لە مێژووی عێراقدا.