پەرلەمانتارێكی پارتی: هەریم هۆكاری دواكەوتنی بودجە نییە



پەرلەمانتارێكی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، كە حكومەتی هەرێمی كوردستان هۆكاری پەككەوتنی پەسەند كردنی بودجەی گشتی نییە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تاوەكو بنێردرێت بۆ پەرلەمان و هاوكات چەند هۆكارێك بۆ دواكەوتنی بودجە باسدەكات.

شەریف سلێمان، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان هۆکار نییە بۆ دواکەوتنی پەسەندکردنی یاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵی 2023 لە ئەنجوومەنی وەزیران، بەڵام ڕێکاری تەکنیکی و کارگێڕی هەیە، کە پەسەندکردنی دواکەوت تاوەكو ڕەوانەی پەرلەمان بكرێت.

ئاشكراشی كرد، چەند هۆكارێك لەپاڵ دواكەوتنی بودجەدا هەن، كە یەكێك لە هۆكارەكان دیاری كردنی پشكی هەرێمی كوردستانە لە بودجەی گشتی عێراق، كە 12.67% یان 13% بێت، بەڵام هۆكارگەڵێكی دیكە هەن پەیوەندییان بەعێراقەوە هەیە وەكو ئەوەی بڕی بودجە چەندبێت ئایا 200 ترلیۆن بێت یان كەمتر؟ هەروەها نرخی ئاڵوگۆڕی دراو و نرخی نەوت و داواكاری بەشێك لە چین و توێژەكان و داواكاری پشكی بودجەی بەشێك لە وەزارەتەكان، كە هەموو ئەوانە هێشتا گفتوگۆیان لەسەر دەكرێت.

ڕاشیگەیاند، زۆربەی ناکۆکی و کێشەکانی نێوان حکومەتی ناوەندی و هەرێم چارەسەر کراون و وتیشی، “لێکتێگەیشتنێکی گەورە لەنێوان حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، هەروەها کەشوهەوا ئەرێنییە، بابەتە تەکنیکییەکانیش چارەسەر كراون، لەوانەش یاسای نەوت و گاز و پشکی هەرێم لە بودجەی گشتیدا”.

ئاماژەی بەوەشكرد، ڕاوێژ و دیالۆگێکی زۆر هەیە و شتەکان باشن و ئەوەی دەمێنێتەوە دوا چاوخشاندن یان بابەتی تاکتیکی و جەختکردنەوە لەسەر بابەتە تەکنیکی و تاکتیکییەکانی نێوان هەردوولایە.

ئەو پەرلەمانتارە ئاشكراشی كرد، “شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەچێتەوە بەغدا بۆ دوایین دەستکاری پرسە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو حکومەت”.

جەختیشیکردەوە “پێویستە پابەندبوونی تەواوەتی هەبێت بە بەڵگەنامەی سیاسی و دەستووری عێراق بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگ و کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر”.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاند، ڕەشنووسی یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٣ و ناردنی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بە مەبەستی گفتوگۆکردن و دەنگدان لەسەری تەواو بووە.

خەڵك؛ زانیاری لەسەر 400 ملیارەكەی عێراق ئاشكرادەكات
پێت خەڵك؛ زانیاری لەسەر 400 ملیارەكەی عێراق ئاشكرادەكات
باشترین جۆرەكانی گژوگیا بۆ كۆنیشانەی كرژی قوڵۆن كامانەن ؟
دوات باشترین جۆرەكانی گژوگیا بۆ كۆنیشانەی كرژی قوڵۆن كامانەن ؟
پەیوەنیدر