پارتێكی كوردی پشتیوانی ئەردۆغان دەكات



هوداپار: پشتوانی كاندیدی هاوپەیمانیی جمهور ئەردۆغان دەكەین

سەرۆكی گشتیی پارتی هوداپار زەكەریا یاپجیئۆغڵو رایگەیاند: “بڕیارمان دا لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆمار بۆ ساڵی ٢٠٢٣ پشتوانیی كاندیدی هاوپەیمانیی جمهور، رەجەب تەیب ئەردۆغان بكەین”.

زەكەریا یاپجیئۆغڵو لەدوای كۆبوونەوەی دامەزراوەی كارگێڕی گشتیی پارتەكەی لە ناوەندی گشتیی هوداپار لە ئامەد، كە بەمەبەستی دیاریكردنی نەخشەڕێگای پارتەكە سەبارەت بە هەڵبژاردنەكانی سەركۆمار و پەرلەمان بەڕێوەچوو، لێدوانی بۆ رۆژنامەوانان دا و باسی لەوەكرد “لەگەڵ دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردن، هاتووچۆی سیاسیی خێرا بووە و جەختیكردەوە پێشتر رایانگەیاندووە بۆ هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی كۆمار لە ٢٠٢٣دا ئەوان كاندیدیان نابێت”.

سەرۆكی گشتی هوداپار ئاشكرایكرد “لە ئەنجامی كۆبوونەوەی دیوانی سەرۆكایەتی و دامەرزاوەكانمان و لە ئەنجامی راوێژی رێكخستنەكانی پارێزگا و شارۆچكەكان، بڕیارمان دا لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆمار بۆ ساڵی ٢٠٢٣ پشتوانیی كاندیدی هاوپەیمانیی جمهور، رەجەب تەیب ئەردۆغان بكەین. هیوامانە ئەم بڕیارە بۆ گەل و وڵاتەكەمان ببێتە مایەی خێر. لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانیش كۆبوونەوەكانمان بەردەوامن”.

هەروەها رایگەیاند: “پێمان وایە بە هەر هاوپەیمانییەك یان پارتێك بڵێین ئەمانە مەرجی ئێمەن و ئەگەر پەسەندیان بكەن ئەوا لەگەڵتان دەبین، نابێتە كارێكی زۆر واقعبینانە، بەڵام داواكارییمان هەن و ئەگەر لەپێناو جێبەجێكردنی داواكارییەكانمان هاوپەیمانییەك بێتە دی، ئەوا ئێمەش هەوڵی بۆ دەدەین”.

سەرۆكی گشتیی هوداپار ئاماژەی بەوەكرد، دوای كۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆككۆماری توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بانگێشتنامەیەكیان بۆ بەشدارییكردن لە هاوپەیمانییەكە پێگەیشتووە و رایگەیاند:”ئەمە تەنها بانگێشتی پشتیوانیی نەبوو لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆماردا. بەڵكو بانگێشتێك بوو بۆ بەشداربوونمان لە هاوپەیمانییەكەدا، لەوەداین هەڵسەنگاندنی بۆ دەكەین، رێگەی تێدەچێت، بەڵام كۆبوونەوەكانمان درێژەیان هەیە، داواكارییەك بۆ پێكەوە بەشدارییكردن لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانیشدا هەیە و سەرگەرمی هەڵسەنگاندنین، هێشتا نەگەیشتووینەتە ئەنجامێك لەبارەی ئەوەی ئەمە چۆن دەبێت، ئەم پێكەوەییە دەبێت یان نا، ئەگەر بوو، هوداپار بە لۆگۆی خۆیەوە بەشداریی دەكات یان بەشێوەیەكی تر دەبێت، ئەمانە بابەتی ئێستا نیین، لەسەر ئاستی سەرۆكی گشتیی كۆبوونەوەمان هەن و كۆبوونەوەكان درێژەیان هەیە”.

لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بەوەی “ئایا پێشنیازتان لەلایەن مێزی شەشییەوە بۆ هات؟” زەكەریا یاپجیئۆغڵو رایگەیاند: “لەگەڵ ژمارەیەك پێكهاتەی نێو مێزی شەشی كۆبوونەوەمان هەیە، كۆبوونەوەكانمان بەردەوام بوون دوای پێكهێنانی مێزی شەشیش بەڵام لەبارەی چوونە نێو هاوپەیمانییەكەوە، هیچ پێشنیازێكمان بۆ نەهاتووە”.

هوداپار پارتێكی كوردی ئیسلامیی باكووری كوردستانە و پێشتریش چاوەڕوانكراوبوو بڕیاری چوونە پاڵ ئەردۆغان بدەن.

لای خۆیەوە سەرۆككۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان كە كاندیدى هاوپەیمانی جمهورە رایگەیاند: “وەك هاوپەیمانیی جمهور، لەگەڵ هاوڕێكانمان و ئەوانەیشی تازە هاتوونەتە پاڵمان و دێنە پاڵمان، بەیەكەوە داستانی ١٤ی ئایار دەنووسینەوە”.

دەشڵێت “چیتر لە بەرامبەری هاوپەیمانییەكدا نین، بەڵكو هاوشێوەی توركیای جاران، لەبەردەم رێككەوتنێكداین كە بەتەواوی لەسەر شەڕ، فێڵ و مامەڵە بنیاتنراوە”.

ئاشكراشیكرد “راگەیەندراوی ١٢بڕگەیی كە بە شەش لایەن دەستی پێ كرد و نازانرێت ئایا هەشت یان ١٠لایەنییە، بەڵگەیەكی نووسراوە بۆ ئەوەی كە دەیانەوێت وڵاتەكەمان بەرەو كوێ ببەن”.

لە میانی كۆبوونەوەی فراوانی سەرۆكەكانی لقی ئاك پارتی لە پارێزگاكان كە لە بارەگای پارتەكە لە رێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە بەڕێوەچوو، ئەردۆغان گوتارێكی پێشكەش كرد و، ئاماژەی بەوە كرد دوێنێ بڕیاری ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی كۆمار و پەرلەمانی واژوو كردووە لە ١٤ی ئایاردا كە بڕیاربوو ١٨ی حوزەیران بەڕەوەبچێت و هیوای خواست هەڵبژاردنەكان ببێتە مایەی خێر بۆ وڵات و گەلەكەی.

ئەردۆغان باسی لەوە كرد ئاك پارتی لە دامەزراندنییەوە و لە ئابی ٢٠٠١ەوە لە هەموو ئەو هەڵبژاردنانەی بەشداری كردووە سەركەوتنی بەدەستهێناوە و ماوەی زیاتر لە ٢٠ ساڵە بێ پچڕان لە دەسەڵاتدا ماوەتەوە و سیاسەتێكی پەیڕەوكردووە كە ناوی خۆی بە ئاڵتوون لە مێژووی دیموكراسییدا نووسیوەتەوە.

راشیگەیاند: ”ئەو بەرهەم و خزمەتانەی لە ماوەی ٢٠ ساڵی رابردوودا پێشكەشی وڵاتەكەمان كردووە لە ئەژمار نایەت. گومانمان لەوەدا نییە كە پشتیوان بە خوا و بە هاوكاری و پشتیوانی گەلەكەمان و هەوڵی ئێوە، لە هەلبژاردنەكانی ١٤ی ئایاریشدا جارێكی دیكە هەم هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆمار و هەمیش هەڵبژاردنی پەرلەمان دەبەینەوە و سەركەوتن بەدەستدەهێنین”.

 

سەرۆكی فراكسیۆنەكانی پەڕلەمانی كوردستان كۆدەبنەوە
پێت سەرۆكی فراكسیۆنەكانی پەڕلەمانی كوردستان كۆدەبنەوە
کارەبای سلێمانی شۆفێران ئاگاداردەکاتەوە
دوات کارەبای سلێمانی شۆفێران ئاگاداردەکاتەوە
پەیوەنیدر