توركیا سیناریۆی ئۆكراین لە ڕۆژئاوا دووبارە دەكاتەوە



توركیا سیناریۆی بۆردوومانكردنی ژێرخانی ئۆكراین لەلایەن ڕووسیاوە دووبارە دەكاتەوە.

ڕامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ ڕایگەیاند، بە ئامانجگرتنی ژێرخان و دامەزراوە نەوتییەكان لەلایەن فڕۆكەكانی توركیاوە “هەوڵێكە بۆ ئەوەی ناوچەكە شكسبهێنێت”.

عەبدولڕەحمان بۆ نۆرس پرێس ڕایگەیاند، توركیا، لە بەئامانجگرتنی ژێرخانی ڕۆژئاوای كوردستان، “جێبەجێكردنی ئەو ڕێككەوتنەیە كە ڕووسیا و ئێران و ڕژێمی سوریا پلانیان بۆ داناوە بۆ ئەوەی ناوچەكە نا سەقامگیر بكەن تا ڕادەستی ڕژێم بكرێتەوە.”

لە بیستی ئەم مانگەدا، توركیا ژێرخانە گرینگەكانی ڕۆژئاوای كوردستانی بۆردومان كرد، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی وێستگەیەكی بەرهەمهێنانی غاز و وێستگەیەكی كارەبا لە نزیك گوندی سوەیدا لە گوندەواری دێریك لەكار بكەوێت، جگە لە بۆردومانكردنی كێڵگە نەوتییەكانی ناوچەكە.
لە ماوەی ڕابردوودا ڕووسیا هەڵمەتێكی چڕی بۆردوومانی ژێرخانی ئۆكراینی دەستپێكرد، بەجۆرێك دامەزراوە سڤیلەكانی بە ئامانج دەگرت.

ڕووسیا دامەزراوە خزمەتگوزارییەكانی كارەبا، ئاوی كردە ئامانج، بەجۆرێك گرفتی ئاو و كارەبا بۆ تەواوی وڵاتی ئۆكراین دروستبووە.

تا ئێستا ملیۆنان كەس لە شاری كیێڤی پایتەختی ئۆكراین و ناوچەكانی دەوروپشتی لەبێ كارەباییدا دەژین، لەگەڵ ئەوەشدا بەفربارین دەستیپێكردووە و پلەكانی گەرما بۆ ژێر سفری سەدی دادەبەزن، ئەوەش دەبێتە گووشارێك بۆ سەر ئۆكراین و تەنانەت ئەوروپاییەكانی هاوپەیمانیشی بەهۆی تەنگەژەی وزەوە.

كۆمپانیای ئۆكرنرجۆی كارەبا دەڵێت “بەرهەمهێنانی كارەبا تەنها دەتوانێت سێ لەسەر چواری پێویستییەكان پڕبكاتەوە، بۆیە ناچاربوون بەكارهێنانی كارەبا سنووردار بكەن و بڕینی كارەباش لە سەرانسەری وڵاتدا هەبێت”.

سێرجی كوڤالینكۆ بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەكان لە كۆمپانیای یاسنو كە وزە بۆ كیێڤ دابین دەكات، دەڵێت ڕەوش لە شارەكە باشتر بووە، بەڵام هێشتا زۆر سەختە.

ڤۆلۆدیمێر زێلێنسكی سەرۆكی ئۆكراین دەڵێت شەش ملیۆن كەس كارەبایان لێ بڕاوە لە ڕۆژی هەینی، دوای هێرشەكانی ڕووسیا لە هەفتەی ڕابردوودا، هێرشەكان زیانی گەورەیان بە ئۆكراین گەیاندووە، ملیۆنان كەس بێ ئاو و كارەبان.

شاندێكی حكومەتی هەرێم دەچێتە بەغدا
پێت شاندێكی حكومەتی هەرێم دەچێتە بەغدا
ڕێگای كەلار-سلێمانی داخرا
دوات ڕێگای كەلار-سلێمانی داخرا