وتەبێژی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئاشكراشیكرد، لەچوارچێوەی بەئەلكترۆنی كردنی كاروباری فەرمانگەكان لەلایەن جێگری سەرۆكی حكومەتەوە سبەینێ ١٢ی ئازار، لەچەند فەرمانگەیەكی سلێمانی سیستەمی یەكپەنجەرەیی دەخرێتە بواری جێ بەجێ كردنەوە .
سەمیر هەورامی ، وتەبێژی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم راگەیاندووە، كە سبەینێ یەكشەممە ١٢ی ئازار، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت لەچەند فەرمانگەیەكی سلێمانی سیستەمی یەكپەنجەرەیی رادەگەیەنێت.
ڕاشیگەیاندووە، كە سیستەمی یەكپەنجەرە، لەچوارچێوەی بەئەلكترۆنی كردنی كاروباری فەرمانگەكانە و بەشێكە لەپڕۆژەی خزمەت، كە بریتییە لە باشتر پێشكەشكردنی خزمەتەكانە بۆ هاووڵاتی خزمەتخواز و ڕاییكردنی مامەڵەی هاووڵاتییان لە فەرمانگەكان بەئاسانترین شێوە و بەنەهێشتنی ڕۆتین و رێگرتن لە گەندەڵی.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، كە قۆناغی یەكەم لە پێنج فەرمانگەی پارێزگای سلێمانی جێبەجێ دەكرێت و دواتر فەرمانگەكانی تریش دەگرێتەوە و بڕیارە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانیتریش ئەم پڕۆژەیە جێبەجێ بكرێت.
ئاشكراشیكردووە، كە هاووڵاتی خزمەتخواز لەڕێی یەكپەنجەرەوە مامەڵەكەی پێشكەش دەكات و دەرئەمجامەكەشی وەردەگرێتەوە، ئەوكاتە فەرمانبەر هەڵدەسێت بە جێبەجێ كردنی هەموو مامەڵەكە و پێویست ناكات هاووڵاتی خزمەتخواز چەند ژوورێك بكات.