جیهان بە هەوای پیس هەناسە دەدات



زانایان ئاشکرایدەکەن، کەمتر لە ١٪ی دانیشتووان بە هەوای پاک هەناسە دەدەن.

ڕۆژنامەی ئیندیپێندنتی بەریتانی لە ڕاپۆرتێکدا  بڵاویکردووەتەوە، توێژینەوەیەکی نوێ کە لەلایەن زانایان لە ئوسترالیا و چین ئەنجامدراوە، لەسەر زیاتر لە ٥ هەزار وێستگەی چاودێری لە سەرانسەری جیهان، گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە کەمتر لە ٪١ی دانیشتوانی جیهان هەوای پاک هەناسە دەدەن، وڵاتانی ئاسیاش ڕووبەڕووی هەندێک لە مەترسییە تەندروستییە توندەکان دەبنەوە.

 

بەگوێرەی ئەو لێکۆڵینەوەیە کە لە ڕۆژنامەی؛ (The Lancet Planetary Health)دا بڵاوکراوەتەوە، نزیکەی، ٪٩٩.٨٢ ی زەوییەکانی جیهان بەر ئاستی مەترسیداری گەردیلەکان کەوتوون کە قەبارەی ٢.٥ مایکرۆمەترە، کە زیاترە لەو سنوورە سەلامەتییەی کە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) پێشنیاری کردووە.

 

لە توێژینەوەکەدا دەرکەوتووە کە تەنها ٪٠.٠٠١ی دانیشتوانی جیهان هەوای قبوڵکراو هەڵدەمژن.

 

تەنۆلکەکانی هەوا کە تیرەکەیان ٢.٥ مایکرۆمەتر دەبێت، پەیوەندییان بە نەخۆشییە مەترسیدارەکانەوە هەیە، وەک شێرپەنجەی سییەکان و نەخۆشییەکانی دڵ.

 

توێژینەوەکە، کە لەلایەن زانایان لە ئوسترالیا و چین ئەنجامدراوە، زیاتر لە ٥ هەزار وێستگەی چاودێری لە سەرانسەری جیهان ئامێر و داتای کەشناسی و فاکتەرە جوگرافییەکانیان بەکارھێناوە، بەمەبەستی گەیشتن بە خەمڵاندنەکانی چڕیی ڕۆژانەی جیهانی ئەو تەنۆلکانە.

 

زانایان بۆیان دەرکەوتووە لەسەر ئاستی جیهانی، زیاتر لە ٪٧٠ی ڕۆژەکان لە ساڵی ٢٠١٩ دا چڕیی ڕۆژانەی گەردیلەیی بە تیرەی ٢.٥ مایکرۆمەتر زیاتر لە ١٥ مایکرۆگرام پیسکەری گازی لە هەر مەتر سێجایەکدا تێپەڕاندووە، کە زیاترە لەو سنوورەی کە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی پێشنیاری کردووە.

 

توێژینەوەکە دەریخستووە، کوالیتی هەوا جێگەی نیگەرانییەکی تایبەتە لە ناوچەکانی وەک ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، کە چڕیی ڕۆژانەی گەردیلەکان لە زیاتر لە ٩٠٪ی ڕۆژەکاندا ئاستی ١٥ مایکرۆگرام تێدەپەڕێنێت.

 

گەردیلە وردەکانی نێو هەوا پێکدێن لە دووکەڵی ئۆتۆمبێل، دووکەڵ و خۆڵەمێشی بورکانەکان، پیسبوون بە هۆیەکانی خۆگەرمکردنەوە و تۆزی بیابان.

 

توێژینەوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بەرکەوتنی کورتخایەن بە گەردیلەکان بەتایبەتی زیادبوونی لەناکاوی ئەم ڕێژەیە، بەشدارێکی سەرەکییە لە بارگرانی جیهانی بۆ نەخۆشی و مردن.

 

یومینگ گوا، توێژەری سەرەکی توێژینەوەکە و مامۆستای تەندروستی ژینگەیی لە زانکۆی مۆناش دەڵێت: هیوادارم توێژینەوەکەمان بتوانێت بیری زانایان و داڕێژەرانی سیاسەت بگۆڕێت سەبارەت بەچڕی رۆژانەی گەردیکە سامناکەکان لە بەرگە هەوادا.

 

دەشڵێت؛  زۆربەی ناوچەکانی ئاسیا، باکووری ئەفریقا، ئۆقیانووس و ئەمریکای لاتین و کاریبی لە ماوەی ٢٠ ساڵدا گەردیلەکان تیایاندا زیادیکردووە، بەشێکیش بەهۆی ئاگرکەوتنەوەی توندی دارستانەکانەوەیە.

 

توێژینەوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، چڕیی ساڵانەی گەردیلە و چڕیی بەرزی گەردیلەی ڕۆژانە لە ئەوروپا و ئەمریکای باکوور بە تێپەڕبوونی کات کەمیکردووە، ئەمەش بەهۆی ڕێسا توندەکانییەوە بووە.

 

هەروەها بۆیان دەرکەوتووە کە بەرزترین چڕیی تەنۆلکەکان بە تیرەی ٢.٥ مایکرۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا ڕوویانداوە بە ئاستی ٥٠ مایکرۆگرام بۆ هەر مەتر سێجایەک، دواتر باشووری ئاسیا بە ئاستی ٣٧ مایکرۆگرام، پاشان باکووری ئەفریقا بە ئاستی ٣٠ مایکرۆگرام.

 

لە بەرامبەردا دانیشتوانی ئوسترالیا و نیوزلەندا کەمترین هەڕەشەیان ڕووبەڕوو بووەتەوە، لە کاتێکدا ناوچەکانی دیکەی ئۆقیانووس و ئەمریکای باشوور لەنێو ئەو شوێنانەدا بوون کە کەمترین چڕیی ساڵانەی تەنۆلکەکانیان لە جیهاندا هەبووە.

قوباد تاڵەبانی سبەی سیستەمی یەكپەنجەرە رادەگەیەنێت
پێت قوباد تاڵەبانی سبەی سیستەمی یەكپەنجەرە رادەگەیەنێت
بانكی ناوەندی لە هەفتەیەكدا زیاتر لە 883 ملیۆن دۆلار دەخاتە بازاڕەوە
دوات بانكی ناوەندی لە هەفتەیەكدا زیاتر لە 883 ملیۆن دۆلار دەخاتە بازاڕەوە
پەیوەنیدر