بانكی ناوەندی لە هەفتەی ڕابردوودا زیاتر لە 883 ملیۆن دۆلار دەخاتە بازاڕەوە، ئەمەش بە بڕێكی كەمی فرۆشتنی دراوەكە لەلایەن بانكی ناوەندییەوە دادەنرێت بەراورد بە چەند مانگێك لەمەوبەر كە فرۆشتنی هەفتانە زیاتر لە ملیارێك دۆلاری تێدەپەڕاند.
بەپێی ئامارە بڵاوكراوەكانی بانكی ناوەندی عیراق، لەماوەی هەفتەی ڕابردوودا 883 ملیۆن و 708 هەزار و 462 دۆلار لەلایەن بانكەكەوە فرۆشراوە، تێكڕای فرۆشتنی ڕۆژانەش 176 ملیۆن و 741 هەزار و 692 دۆلار بووە و بەراورد بە هەفتەی پێشتر بەڕێژەی 21.5% بەرزبۆتەوە.
لە ئامارەكانی بانكی ناوەندیدا دەردەكەوێت كە فرۆشتنی زۆرترین بڕە دۆلار لە ڕۆژی سێ شەممەی ڕابردوودا بووە و 223 ملیۆن و 406 هەزار و 794 دۆلار بووە، كەمترین فرۆشتنیش لە پێنج شەممەی ڕابردوودا بوو كە 125 ملیۆن و 823 هەزار و 508 دۆلار بووە.
زۆربەی فرۆشتنەكان وەك لە ئامارەكاندا ئاماژەیان پێكراوە، بۆ حەواڵەی دەرەكی بوون، هەر دۆلارێكیش لەلایەن بانكەكەوە بە 1310 دینار فرۆشراوە.
وێڕای ڕاگەیاندنی كەمكردنەوەی نرخی دۆلار لەلایەن حكومەت و بانكی وەندی عیراق لە 1450 بۆ 1300 دینار بۆ دۆلارێك، بەڵام تائێستا نرخی دراوە ئەمریكاییەكە بەشێوەیەكی بەرچاو ڕووی لە دابەزین نەكردووە و تائێستاش نرخی 100 دۆلاری ئەمریكایی 157 هەزار دینار تێدەپەڕێنێت.