بۆ دوایین ڕێككەوتن لەسەر پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان یەكێتی و پارتی ئەمڕۆ لە سلێمانی لەگەڵ لایەنەكەكانی دیكە كۆدەبنەوە بۆ وەرگرتنی بۆچوونی لایەنەكان.
بڕیارە ئەمڕۆ شەممە 11ی ئادار، هەردوو شاندی یەكێتی و پارتی لە سلێمانی لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەگەڵ گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو كۆببنەوە و گفتوگۆ لەسەر دوایین پرسی تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی و كورسی پێكهاتەكان بكەن.
بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك) شاندی یەکێتی پێكهاتوون لە ڕزگار حاجی حەمە، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی و زیاد جەبار، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان و سالار سەرحەد.
هەر بەپێی زانیارییەكان، شاندەكەی پارتی پێكهاتوون لە زانا مەلا خالید، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان و ڕزگار ئەژی گۆران و هاوار محەمەد.
هەروەها شاندی گۆڕان پێكهاتوون لە گوڵستان سەعید، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان و زمناکۆ جەلاک و کارزان گەردی.
هاوكات، شاندی یەکگرتووی ئیسلامی كوردستان پێكهاتوون لە هێمن ئەسکندەر و ئەبوبەکر گەڵاڵی.