بەڕێوەبەری جێبەجێكاری نووسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریكا (FBI)، كریستۆفەر رێی رایگەیاند، چین لە رێگای تیك تۆك-ەوە لەوانەیە بتوانێت دەستی بگات بە زانیاری و ئامێرەكانی بەكارهێنەران و لەو رێگایەیشیەوە هەڵمەتی كۆكردنەوەی زانیاریی زۆر ئەنجام بدات.
كریستۆفەر رێی لە میانی پانێلێك كە لەبارەی هەڕەشە نێودەوڵەتییەكان بۆ سەر ئەمریكا لەلیژنەی هەواڵگریی ئەنجوومەنی پیران رێكخرا و هەریەك لە بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری ناوەندیی (CIA)، بیڵ بێرنز؛ فەرماندەی هێزەكانی سایبەری ئەمریكا (CYBERCOM) و سەرۆكی ئاژانسی ئاسایشی نەتەوەیی (NSA)، پاوڵ نێكەزۆن تێیدا بەشداربوون، گوتارێكی پێشكەش كرد.
بەڕێوەبەری جێبەجێكاری نووسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریكا بە ئاماژەدان بەوەی كە چین لە رێگای تیك تۆك-ەوە لەوانەیە بتوانێت دەستی بگات بە زانیاری و ئامێرەكانی بەكارهێنەران و لەو رێگایەیشیەوە هەڵمەتی كۆكردنەوەی زانیاریی زۆر ئەنجام بدات، وتی: “بەڵام هێشتا دڵنیا نین لەوەی داخۆ تیك تۆك بۆ ئەم مەبەستە بەكار دەهێندرێت، یاخود نا”.
كریستۆفەر رێی باسی لەوە كرد چین لە رێگای تەكنەلۆژیای پێشكەوتووەوە چەندین چالاكی نایاسایی وەك سیخوڕیكردن و دزینی “IP” ئەنجام دەدات،: “ئەگەر لە ئەمریكاییەكان بپرسرێت ئایا دەتانەوێت كۆنترۆڵی ئامێرەكانتان و زانیارییەكانتان بدرێن بە پارتی كۆمونیستی چین، زۆربەیان بە نەخێر وەڵام دەدەنەوە”.