نرخی نەوتی سپی ماوەیەكە ڕووی لە دابەزینە، ئەوەش دوای ئەوەی لە وەرزی سەرمادا نرخەكەی بەشێوەیەكی بەرچاو هەڵكشابوو.
نرخی بەرمیلێك نەوتی سپی لە ئێستادا لە شاری سلێمانی 190 هەزار دینارە، لەكاتێكدا لەماوەی ڕابردوودا ئەو نرخە بۆ نزیكەی 300 هەزار دینار بەرز بووەوە.
كامەران محەمەد، نەوت فرۆش لە شاری سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ نرخی بەرمیلێك نەوتی سپی لە شاری سلێمانی بۆ 190 هەزار دینار دابەزی.
ئەو نەوت فرۆشە هۆكاری دابەزینەكەی بۆ گۆڕانی كەشوهەوا گەڕاندەوە و وتی، بەهۆی ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا كەشوهەوا ئاسایی بوو پلەكانی گەرما لەبەرزیدا بوون و خواست لەسەر نەوتی سپی كەم بوو، نرخەكەی دابەزی.
ئەوە لەكاتێكدایە پێشتر نرخی بەرمیلێك نەوتی سپی گەیشتە 280 هەزار دینار، پڕۆسەی دابەشكردنی نەوتی حكومەتی هەرێمیش زۆر بە خاوی بەڕێوەچوو لە ناوچە شاخاوییەكان، لە سەنتەری شارەكانیش ڕێژەیەكی كەم دابەشكراوە، ئەوە سەرەڕای ئەوەی نرخەكەشی ناڕەزایی هاووڵاتییانی لێكەوتەوە و بەشێكیان بایكۆتی پڕۆسەكەیان دەكرد و ئامادە نەبوون ئەو نەوتە وەربگرن.