دەرگەی گفتووگۆ بۆ هەدەپە كرایەوە



هەدەپە دەنگ بە ئەردۆغان یان كلیچدار ئۆغلۆ دەدات؟

هەدەپە خاڵی یەكلاكەرەوەی هەڵبژاردنەكانی ئایاری توركیایە، ئێستا هەموو چاوەكان لەسەر هەدەپەن كە داخۆ بەرەو كام لایەن هەنگاودەنێت؟، بەڵام جموجۆڵە سەرەتاییەكان دەریدەخەن ڕەنگە هەدەپە ڕوو لە ئۆغلۆ بێت.

لە 14 ئایاری 2023 هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆكایەتی لەتوركیا بەڕێوەدەچن، ململانێی سەرەكی لەنێوان هاوپەیمانی جمهوری دەسەڵات و میللەتی ئۆپۆزسیۆندایە، هەردووكیان دەنگەكانیان لەیەكەوە نزیكن، هەدەپە خاڵی یەكلاكەرەوەیە.

هەر لەسەرەتای ڕاگەیاندنی كاندیدی هاوپەیمانی میللەتەوە نزیكایەتییەك لەنێوان هەدەپە و میللەتدا هاتەئاراوە، بەدوور نازاندرێت نزیكایەتییەكەی جەهەپە و هەدەپە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا دووبارەببێتەوە.

سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادار نزیك لە هەدەپە لەبارەی هەڵوێستی هەدەپەوە لەنێوان ئەردۆغان و ئۆغلۆدا دەڵێت: ئێستا هەدەپە هیچ متمانەیەكی بە ئەردۆغان نەماوە، بەتایبەت كە ئەردۆغان ئێستا زیاتر سیاسەتی شۆڤێنی دژی كورد بەڕێوەدەبات، چونكە ئەردۆغان ئێستا زیاتر لەژێر كاریگەری مەهەپەی هاوپەیمانیدایە.

دەشڵێت: ئەگەری بەهێز ئەوەیە هەدەپە دەنگەكانی بداتە كلیچدار ئۆغلۆ، چونكە ئەزموونێكی باشیان لە هەڵبژاردنەكانی شارەوانییەكاندا وەرگرتووە، توانیویانە هەردوو شارەوانی گەورەی ئەنقەرە و ئیستەنبوڵ لە بندەستی ئەردۆغان دەربهێنن و لە ماوەی ڕابردووشدا جەهەپە سیاسەتێكی میانەڕەوتری بەرامبەر كورد پەیڕەوكردووە.

ئاشكراشیكرد، خاڵێكی دیكەی بەهێز كە ڕەنگە هەدەپە بەلایەوە ئەرێنی بێت بریتییە لەوەی بەردەرچوونی ئۆغلۆ بۆ سەرۆكایەتی توركیا، مەترسی توركیا لەسەر ڕۆژئاوای كوردستان نامێنێت، چونكە ئۆغلۆ ڕێككەوتنی لەگەڵ دیمەشق كردووە هێزەكانی لە ڕۆژئاوای كوردستان بكشێنێتەوە و هیچ ئۆپەراسیۆنێك لەوێ ئەنجام نەدات.

دەشڵێت: كۆمەڵێك پرسی دیكەی وەك دیموكراسی و ئاشتی و دادپەروەری كە بەلای هەدەپەوە گرینگن لە ئێستادا فراكسیۆنی میللەت زیاتر دەتوانێت جێیان بكاتەوە لەناو پرۆگرامەكانیدا وەك لە هاوپەیمانی جمهور، چونكە دەسەڵاتی ئەردۆغان لەماوەی ساڵانی ڕابردوو بەرەو تاكڕۆیی ڕۆیشتووە بوارەكانی دیموكراسی و ئازادی ڕادەربڕین و كاری سیاسی و دەسوەردانە ناو كاروباری دادگا و هەڵبژاردنەكانی زۆر پەرەپێداوە.

لەلایەكی دیكەوە سەرۆكی ئی پارتی دووهەم گەورە پارتی نێو هاوپەیمانی میللەتی ئۆپۆزسیۆن دەرگەی بۆ گفتووگۆ لەگەڵ پارتی دیموكراتی گەلان هەدەپە كردەوە.

سەرۆكی ئی پارتی مەڕاڵ ئاكشنار لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی هەبەر تورك ڕایگەیاند پارتی گەلی كۆماری جەهەپە دەتوانێت لەگەڵ هەدەپەدا كۆببێتەوە.
هاوكات وتەبێژی پارتی سەعادەت بیرۆل ئایدن یەكێكی دیكە لەلایەنەكانی هاوپەیمانی میللەت بە كەناڵەكەی ڕاگەیاندووە، ئاساییە كەمال كلیچدار ئۆغلۆ بەربژێری هاوپەیمانی میللەت بۆ سەرۆكی توركیا لەگەڵ هەدەپەدا گفتووگۆ بكات.

ڕوونیشیكردەوە پێویستە ئۆغلۆ سەردانی هەدەپە بكات و گفتووگۆ بكەن، هەدەپە خواستی دیموكراسی و دادپەروەری و ئاشتی هەیە.

هاوسەرۆكی گشتی هەدەپە مەدحەت سانجار ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، پێشوازی لە كاندیدكردنی كەمال كلیچدار ئۆغلۆ دەكەن و ئەگەریش لەسەر پرسی دیموكراسی ڕێكبكەون دەتوانن لە خولی یەكەمی هەڵبژاردنەكاندا پشتیوانی بكەن.

 

نرخی ئەمڕۆی دۆلار و تمەن
پێشت نرخی ئەمڕۆی دۆلار و تمەن
بوومەلەرزەلێدراوان دەنگ بە ئەردۆغان نادەنەوە
دواتر بوومەلەرزەلێدراوان دەنگ بە ئەردۆغان نادەنەوە
ەیوەندیدار