دوای ئەوەی لە ڕۆژی ڕابردوودا شەپۆلێكی بارانی بەخوڕ بەشێك لە ناوچەكانی هەرێمی گرتەوە، بەو هۆیەوە ئاستی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان زیادیكردووە.
ئاستی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان 17 سم زیادیكردووە و بەراورد بە ساڵی ڕابردووش 4 مەتر كەمیكردووە.
سامان ئیسماعیل، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ڕێژەی باران بارینی 24 كاتژمێری ڕابردوو لە سنووری دەربەندیخان 48.6 ملیم بووە، پێشبینی دەكەین بارانی زیاتریش ببارێت و داهاتی ئاو بەرز ببێتەوە.
ئاماژەی بە ئەوەش كرد، ئاستی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان لە دوێنێوە هەتاكو ئێستا 17سم زیادیكردووە.
وتیشی، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو هەتا ئەم كاتە، ئاستی ئاوی بەنداوەكە 4 مەتر كەمترە.
ئەوە لەكاتێكدایە شەوی ڕابردوو شەپۆلێكی بارانی بەخوڕ بەشێكی ناوچەكانی هەرێمی كوردستانی گرتەوە و لە شاری سلێمانی و ناوچەكانی گەرمیان و چەند ناوچەیەكی دیكە لافاو دروستبوو، چەندین ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان پەكیان كەوتبوو.