لە ماوەت پێشەنگایەكی خوێندكاران كرایەوە و چەندین كاری نایابی فیزیایی و كیمیایی و بایۆلۆژی و هونەری و كەلتوری و وێنەیی و خۆراكیان تێدا نمایشكردبوو.
كامەران حەسەن قائیمقامی ماوەت بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند “بە یاوەری بەڕێوەبەری پەروەردەی شارباژێڕ و بەڕێوەبەری فەرمانگەكانی قەزای ماوەت بەشداری فێستیڤاڵی ساڵانەی ئامادەیی ماوەت بووین، كە تێیدا لە لایەن خوێندكارانەوە چەندان كاری نایابی فیزیایی و كیمیایی و بایۆلۆجی و هونەری و كەلتوری و وێنەیی و خۆراكیان تێدا نمایشكردبوو”.
ڕاشیگەیاند “كارەكانیان نیشاندەری كارامەیی و بە توانایی و زانستپەروەری ئەو خوێندكارانە بوون، نمایشە زانستییەكانیان هەموومانی سەرسام كرد، كە لە لایەكی دیكەوە ئەو كارانە دڵسۆزی و مانووبوونی مامۆستاكانیان و بەڕێوەبەرایەتی خوێندنگەكە نیشان دەدات”.
ساڵانە لە وەرزی بەهاردا ناوەندەكانی خوێندن فێستیڤاڵ بۆ كارو بەرهەم و چالاكی خوێندكارەكانیان ساز دەكەن، بەچەندین بەرهەم خوێندكاران بەشداری دەكەن.