ئەمڕۆ چوارشەممە 3/8 بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ڕێورەسمی یادی هەشتی ئادار، ڕۆژی جیهانیی ژنان لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.
لە ڕێوەڕەسمەكەدا كە لەلایەن ئەنجومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی یەكسانی جێندەری و تواناسازی ژنانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان ( UN Women ) ڕێكخرابوو، یاداشتێكی لەیەكتێگەیەشتن لە نێوان هەردوولا بۆ خزمەتكردنی پرسەكانی ژنان واژۆ كرا .
سەرۆكی حكومەت لە گوتارێكدا هیوای خواست واژۆكردنی ئەم یاداشتی لەیەكتێگەیشتنە، هاوكار و یارمەتیدەر بێت لە بواری ئەو ئامارانەی كۆدەكرێنەوە و بەردەست دەبن بۆ دەستنیشانكردنی كێشە و بەربەست و گرفتەكانی بەردەم ئافرەتان و نەهێشتنی هەموو پێشێلكارییەكی مافەكانی ئافرەتان و ئاستەنگەكانی بەردەم یەكسانی جێندەری.
ڕاشیگەیاند “لەم یادەدا، پشتیوانیی نەگۆڕی خۆمان بۆ مافەكانی ئافرەتان و ڕۆڵی كارا و چالاكیان لە هەموو بوارەكانی ژیان وكۆمەڵگە و بەتایبەتی لە نێو دامەزراوەكانی حكومەتدا، دووپات دەكەینەوە”.
دەشڵێت “ئافرەتان لە درێژایی مێژووی گەلی كوردستاندا، ڕۆڵێكی دیار و بەرچاویان لە كۆمەڵگەكەماندا هەبووە . لە قۆناغە سەخت و دژوارەكانی خەبات و تێكۆشانی كوردستاندا، هەمیشە هاوكار و یارمەتیدەر بوون و بەشداری كاریگەریان هەبووە و خاوەنی مێژوویەكی پڕ لە سەروەرین. لە دوای ڕاپەڕین و پێكهێنانی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستانیشدا، ڕۆڵی ئافرەتانی كوردستان، لە هەموو كایەكانی حكومڕانیدا دیار و بەرچاوە و كاریش دەكەین بۆ بەهێزتركردنی زیاتری پێگەی ئافرەتان لە ناو حكومەت بەپێی توانا و شایستەیی خۆیان و نەهێشتنی هەموو جۆرە پەراوێزخستنێكی ڕۆڵی ئافرەتان لە بەڕێوەبردندا”.
هەروەها سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەڵێت “هیوادارم واژۆكردنی ئەم یاداشتی لەیەكتێگەیشتنە، هاوكار و یارمەتیدەر بێت لە بواری ئەو ئامارانەی كۆدەكرێنەوە و بەردەست دەبن بۆ دەستنیشانكردنی كێشە و بەربەست و گرفتەكانی بەردەم ئافرەتان و نەهێشتنی هەموو پێشێلكارییەكی مافەكانی ئافرەتان و ئاستەنگەكانی بەردەم یەكسانی جێندەری” .
ئاماژە بەوەش دەكات “ئێمە وەكوو حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە هەموو هێزو توانامان دژی هەموو جۆرە پێشێلكارییەكی مافەكانی مرۆڤ و هەموو توندوتیژییەكین، بە تایبەتی توندوتیژی و كوشتن و ئازاردانی ئافرەتان و پێشێلكردنی مافەكانیان، كە بەداخەوە كۆمەڵگەی كوردستانیش ، وەك زۆر كۆمەڵگەی دیكەی دونیا بە دەستییەوە دەناڵێنێت. ئەم توندوتیژییە، بە هیچ شێوەیەك بەلای ئێمەوە مایەی قبوڵكردن نییە و بەردەوام دەبین لە بەرەنگاربوونەوەی و نەهێشتنی ئەم دیاردەیه بە شێوەیەكی گشتی” .
ڕوونیشیكردەوە “ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی و كاركردن بۆ پەرەپێدانی كولتووری یەكسانی جێندەری، ئەركێكی هاوبەشی هەموومانە و پێویستە كۆمەڵگە بە گشتی و حكومەت و ڕێكخراوەكانی ئافرەتان و كۆمەڵگەی مەدەنی و مامۆستایانی ئایینی و قوتابخانە و زانكۆكان و ناوەندە ڕۆشنبیرییەكان، هەموومان بەیەكەوە كار لە سەر هوشیاركردنەوەی تاك بكەین”.
ئەوەشی خستەڕوو “حكومەتی هەرێمی كوردستان، باوەڕی تەواوی بە ستراتیژی بەهێزكردنی پێگەی ئافرەتان هەیە و كاریشی بۆ دەكات. پێویستە پیاو و ئافرەت، وەك یەك سوودمەند بن لەو دەرفەتانەی لە بەردەمیاندا دەرەخسێنرێن و هەروەها لە ئەرك و مافەكانیشیاندا، بە شێوەیەكی یەكسان سوودمەند و بەهرەمەند بن”.