٨ی مارس و ئێمە گەیشتین بە چی؟



هیبا فەیسەڵ

لە كاتێكدا كە سەرچاوەی شۆڕشی ئازادی ژن گیرئەكرێ لە پۆشینی بەرگ و ئەركی ماڵ و پەروەردەی مناڵ و ..هتد، زۆر لایەنیتر هەن فەرامۆش دەكرێن كە لە ڕاستیدا پێویستیان بە ئاگایی، خستەڕوو و دەستكاری كردن هەیە. جا ئەم فەرامۆشكردنە بۆ مەبەستی تایبەتی بێت یان ئابووری و بێگومان سیاسیش.
بێشومارن ئەو دەنگانەی كە هاواریان پڕە لە حەسرەت، توڕەیی، ژێردەستی، چەوساندنەوە و كوشتن.
لە كاتێكدا دەگمەن و نەبیستراون ئەو دەنگانەی كە باس لە یەكسانی موچە، پێدانی مۆڵەتی باوكایەتی، مافی لەباربردن و بەربەستی دوگیانبوون .. هتد دەكەن. ئەمانەش هەموو سوچ و كەلەبەری ژیانن كە بە نەبونیان یان شاردنەوەیان، ناهاوسەنگیەكی چەسپاو ئەچێنێت بۆ نەوەی داهاتوو.
بەچ بەهانەیەك ئەم دەنگانە ئەخنكێنرێن؟ یان هەر زوو دەخرێنە چوارچێوەی فێنۆمینی فیمینیسم، كە ئەویش خەریكە بەدناو دەكرێت و بەكاردەهێنرێت بۆ تێكدانی خود، نەك وەك پشتگیریەكی ڕاستەقینە لە هەوڵەكان بۆ تێگەیشتن و بەیەكگەیشتن و بینینی دووڕەگەزی جیاواز، بە جیاوازی خۆیان.
كێن ئەوانەی دەستیان لە كپكردنی ئەم هاوارانەدایە و بۆ چ مەبەستێك؟
گەڕان بەداوی ڕاستیەكی بنەڕەتی، كارێكی مەحاڵە، لەڕاستیشدا گرنگ نیە. چونكە لێكدانەوەی ڕاستیەكان واڵان بە ڕەنگ و چەشنی تاكەكان. هەر بۆیە پێویستە بابەتی ململانێی ئازادی و یەكسانی ژن و پیاو وەك ناكۆكیەكی سێ جەمسەر ببینرێت. »جەمسەرێك كە هەستەكان دەگرێتە خۆی. واتە خۆشەویستی، ڕك، بێزاربوون، هەستی ستەم و مافخواردن، و لە هەموویان گرنگتر هەستی بوونت وەك قوربانی. هەموو ئەم هەستانە دەبنە چەند ئامرازێك لە چەشن و جۆری ئەو دیالۆگەی كە پەنای بۆدەبەین بۆ گەیاندنی پەیامەكانمان. هاوسەنگی هەستەكان واتە دیالۆگێكی هاوسەنگ.
»جەمسەرێكی دی تێگەیشتنە لە ناوەڕۆك و كرۆكی بابەت. واتە چ ئازادیەك؟ چۆن یەكسانیەك؟ و ئایا هەر لە بناغەوە یەكسانی هەیە؟ هەبووە؟ دەبێت؟ و لە چ بارێكەوە؟ و بۆچی؟
»جەمسەری سێیەم كاركردن، مامەڵەكردن و ڕەفتارە لەگەڵ كێشەكە. واتە دیاریكردنی خاڵی سەرەتا و دانانی نەخشە و بەشكردنی ئەركەكان بۆ گەیشتن بە ئەنجام.
دەبێت ئەم سێ جەمسەرە وەك یەك ڕەچاو بكرێت تا هەردولا بتوانن دیالۆگێكی دوور لە توانج، ڕكەبەرایەتی، تۆمەتباركردنی بەرانبەر یەك ئەنجام بدەن.
دیالۆگێك كە پەیامێكی كۆن وەك خۆی ڕوون بكاتەوە و لە دەستدرێژی، دوبەرەكایەتی، شێواندن و بەرژەوەندی تاك بیانپارێزێ.
دیالۆگێك كە لە قوڵایی واقع و گۆڕەپانی ژیانەوە هەڵقوڵێ، نەك تەنها لەسەر هەوری خەون و خەیاڵ باسی لێ بكرێ.
بە بونی ئەم جۆرە دیالۆگە، فینۆمینی فیمینیزم و خەونی یەكسانی ژن و پیاو، نابێتە بابەتێكی شەخسی یان دارێك كە بەناوی سیاسەت و بەرژەوەندی ئابوری كۆمەڵگە بە هەموو ئاڕاستەیەكدا ڕابوەشێنرێ.
لێرەدا فیمینیزم دەبێتە شۆڕشی گۆڕان و سەرلەنوێ هەڵشێلاندن و تێكەڵكردن و داڕشتنەوەی كولتور. ئەمەش بە بوونی ڕەفتار و نەریت و ڕوانگەی نوێ. دروست بوونی ئەم كولتورە نوێ یە، وەك هەموو تازەگەری و گۆڕانكاریەكی دی، كاتی دەوێت. بڕوا و هەوڵی دەوێت تاكو بتوێتەوە و سەرلەنوێ لە پەیكەرێكی ئیلاستیكی نوێدا خۆی بنوێنێ. پەیكەرێك كە من و تۆ و یەكێكی دی لە قناعەت و قبوڵكردنی جیاوازیەكانەوە تێی بڕوانین و بە فرەڕەنگ پێناسەی بكەین.
چی دی داوا و گەیشتن بە مافەكان بە گاگۆڵكێ و دەنگێكی لەرزۆكەوە ڕوناكی نابینێت. هەموو دەنگێك، هەنگاوێك دەبێتە تەواوكاری. جا هەنگاوەكانیش لەیەكتر ناچن. تاكت، تۆن و خێراییان جیاوازە. هەر بۆیە داوای ژنێكیش لە یەكێكی دی ناچێ.
ئیدی دەبێت بێگومانبین لەوەی كە مافی داواكردن و ڕێزگرتن لە سەرەتاوە لە خۆدی خۆمانەوە دەست پێدەكات، تا هاوشێوەی بازندەی ئاو گەورەتر و بەرینتر چواردەوری ئاوەدان بكاتەوە.
ئیتر هەموومان ئەبێ ئەوە بزانین كە فیمینیزم چڕنوكە. چڕنوكێكی بێڕەحمانەیە لەو یاسایانەی كە لە هیچ شوێنێك نەنوسراون، ڕەنگیان نیە. بەلام لە هەمان كاتدا سەپێنراون و پەیڕەو ئەكرێن، بێ گەواهیدەر مرۆڤی لەسەر دادگایی دەكرێ و ئەكوژرێ.
جا بەڕێزان بیرمان نەچێت كە هەموو گۆڕانكاريیەكیش لە بیرۆكەیەكەوە دەست پێدەكات تا بە هاوكاری چەند دەستێك ببێتە واقيعێك لە دەرگای هەموو ماڵێك بدات و ببێتە یاسای پەیوەندیيەكان.

عێراق و ئەڵمانیا سێ گرێبەست لە بواری وزەدا واژوو دەكەن
پێت عێراق و ئەڵمانیا سێ گرێبەست لە بواری وزەدا واژوو دەكەن
خۆپیشاندانەكان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەستیانپێكردەوە
دوات خۆپیشاندانەكان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەستیانپێكردەوە
پەیوەنیدر