لەبەشێك لە شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران خۆپیشاندانی مامۆستایان و كەسوكاری خوێندكاران و هاووڵاتیان دژی هێرشی غازی بۆ سەر ناوەندەكانی خوێندن دەستیپێكردەوە.
بەپێی زانیاریی سەرچاوە خۆجێییەكان لە شارەكانی سنە، سەقز، مەریوان، تاران، ڕەشت، مەشهەد، زەنجان، ئەسفەهان، شیراز، لاهیجان، ئەهواز، كەرەج و چەند شار و شارۆچكە، خۆپیشاندان لەپێش پەروەردەی ئەو شارانە ئەنجامدراوە.
لەبەشێك لەو شارانە پێكدادان لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكاندا ڕوویداوە، ژمارەیەك خۆپیشاندەر و مامۆستاش دەستگیركراون و لەهەندێك لە شارەكانیش هێزی ئەمنی زۆر بڵاوەی پێكراوە.
لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێرشە غازییەكان كە بە هێرشی كیمیایی ناسێندراون بۆ سەر ناوەندەكانی خوێندن بەردەوام بوون، بەهۆیەوە سەدان كەس ژەهراویبوون و ڕەوانەی نەخۆشخانەكان كراون.
چەند سەرچاوەیەك لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان باس لە گیانلەدەستدانی كچە خوێندكارێك بەهۆی كاریگەری غازەكەوە لەشاری دیواندەرە دەكەن.