ئەگەری بەشدارینەكردنی گۆڕان لەهەڵبژاردنەكاندا هەیە



جەمالی حاجی محەمەد: ترسمان هەیە دەنگی پێویست نەهێنین

سەرۆكی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت، لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا دەنگێك هەیە بۆ ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان نەكات.

جەمال حاجی محەمەد سەرۆكی جڤاتی گشتی بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند: ڕاستە دەنگێك هەیه لەناو گۆڕان‌ لەسەر بەشدارینەكردنی گۆڕان لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان.

دەشڵێت: ئەوانیش مافی خۆیانە‌ وابڵێن، چونكە ئەگەر هاتوو ئێمە خۆمان ڕێكنەخەینەوە منیش ترسم هەیە. ترسمان لەوە هەیە دەنگی پێویست نەهێنین.

لەدوای بەشداری كردنی بزوتنەوەی گۆڕان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان گورزی كاریگەر بەر بزوتنەوەكە كەوت، بەتایبەت كاتێك لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان هاواری بەشداری نەكردنی بزوتنەوەكە لەلایەن لایەنگرانی ئەو بزوتنەوەیە لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان بەرزبووەوە، بەڵام بزوتنەوەكە بڕیاری بەشداری كردنی لە حكومەت دا.

لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لایەنگرانی بزوتنەوەكە، بزوتنەوەی گۆڕانییان سزا دا ئەو حزبە نەیتوانی یەك كورسی پەرلەمانی هەبێت لەكاتێكدا لەهەڵبژاردنی پێشتر توانیبووی پێنج كورسی پەرلەمانی عێراقی هەبوو.

ئەو بەرپرسە باڵایەی بزوتنەوەی گۆڕان بە دووری زانی بزوتنەوەكەی لەم هەڵبژاردنەش هەمان چارەنوسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی هەبێت، لەو ڕووەوە جەمال حاجی محەمەد دەڵێت: دەنگدەری گۆڕان نەچوونەتە ناو حزبەكانی تر مەگەر بە دەگمەن، بەڵكو دەنگدەری بزووتنەوەی گۆڕان نیگەرانن لەسەر كۆمەڵێك پرس لە ماڵی خۆیاندا دانیشتوون و چاوەڕێی هەڵوێستی سیاسی جددی لە گۆڕان دەكەن.

دەشڵێت: لەبەر ئەوە هەر كاتێك ئێمە هەڵوێستەكانمان ڕوون و ئاشكرابوون من پێموایە ئەوانە دەنگدەری گۆڕانن و سەركەوتووش دەبین.

سەرۆكی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بە بۆچوونی تاكە كەسی خۆی كرد و ڕایگەیاند “من بەش بە حاڵی خۆم، پێم باشە هەر لە ئێستاوە دەست بكەین بە ئاشتبوونەوە و خۆڕێكخستنەوە و كۆنفڕانسیش ببەستین پێموایە مافی ئەوەمانە بەشداربین و ئۆمێد دەكەم كورسی باشیش بهێنین”.

جەمال حاجی محەمەد دەنگی بەشدارینەكردنی بزوتنەوەی گۆڕانی لە هەڵبژاردنی بەدەنگێكی نا زەق وەسفكرد و لەو ڕووەوە وتی: ئەو دەنگە دەنگێكی گەورە و زەق نییە، بەڵام ئێمە ئێستا (بزوتنەوەی گۆڕان) لەقۆناغی ڕێكخستنەوە و خۆسازدانین لەداهاتوویەكی نزیكیشدا بەستنی كۆنفڕانسێك”.

سەبارەت بە ئەگەری كشانەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەتی هەرێم، جەمال حاجی محەمەد دەڵێت: ئەمە دەنگێكی گەورەیە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا، بەڵام دەبێت هەموومان تاوتوێی بكەین و بزانین كشانەوەمان لە قازانجماندایە یاخود مانەوەمان “من وەكو ڕای خۆم پێموایە بكشێینەوە باشتره”.

سەبارەت بە ڕەخنەی هەندێك لەوانەی دەوترێت كشانەوەی لایەنەكان لە پەرلەمان و حكومەت لەسەر و بەندی نزیكبونەوەی هەڵبژاردنەكانە، تا لایەنەكان وەك بانگەشەی پێش وەختەی هەڵبژاردن بەكاری ببهێنن، جەمال حاجی محەمەد وتی: ئەمە یەكەمجارە ئێمە لەو حكومەتەدا بەشداربین و بێینەدەرەوە، چونكە جاری پێشتر بەشدار نەبووین ئەگەر ڕەخنەمان لێبگرن ئەوە بەڕاستی مافی خۆیان نییە”.

دیارترین ئەو سەركردە ناڕازییانەی گۆڕان كە لەماڵەوە دانیشتووە، عوسمانی حاجی مەحمودە.

جەمال حاجی محەمەد ئەوەی ئاشكرا كرد لەگەڵ عوسمانی حاجی مەحمود و سەركردە ناڕازییەكانی تری گۆڕان لە گفتوگۆدان، “جارێ لە وتووێژداین، بۆیە نامەوێت زانیاری زیاتر لەو بارەیەوە باس بكەم”.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا: پشتیوانی هەرێم دەكەین
پێت وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا: پشتیوانی هەرێم دەكەین
كارەبای سلێمانی هۆشداری دەدات
دوات كارەبای سلێمانی هۆشداری دەدات
پەیوەنیدر