هاووڵاتیان بەرەو جەژنی نەورۆز و مانگی ڕەمەزان دەڕۆن و پێویستیان بە مووچەیە، بەڵام بەشێكی مووچەخۆران بەپێی خشتە نوێیەكە دوای نەورۆز مووچە وەردەگرن
ئەمڕۆ چوار شەممە 8ی ئاداری 2023 حكوومەتی هەرێم دەست بەدابەشكردنی مووچەی مانگی شووبات دەكات، دابەشكردنێك تا كۆتایی ئادار دەخایەنێت، بەوپێیە مووچەی مانگی ئادار دەكەوێتەوە نیسانەوە.
ئەوە لەكاتێكدا هاووڵاتیان بەرەو جەژنی نەورۆز و مانگی ڕەمەزان دەڕۆن و پێویستیان بە مووچەیە، بەڵام بەپێی خشتەكەی حكوومەت بێت، بەشێكی فەرمانبەران دوای نەورۆز و دوای هەفتەیەك لە دەستپێكی مانگی ڕەمەزان مووچە وەردەگرن.
پێشتر حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدابوو هەموو 25ی مانگێك دابەشكردنی مووچە دەستپێبكات.
دواخستنی مووچەی فەرمانبەران لە حاڵێكدایە نرخی نەوت بەنرخی بەرز دەفرۆشرێت، بەهای دۆلار بەرامبەر دینار بەرزە، داهاتی ناوخۆ زۆرە، زۆرینەی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان وەستاون، ئەوەش پرسیاری لای مووچەخۆران دروستكردووە، كە حكوومەت داهاتەكانی چی لێ دەكات؟
لیستی هاوبەشی مامۆستایانی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا هۆشداری دەداتە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و لیستی مووچەی مانگی شووبات ڕەتدەكاتەوە.
لیستی هاوبەشی مامۆستایانی كوردستان ڕایگەیاند “بەلیستی مووچەی پڕ شەرمەزاریتان ، شەڕی دەروونی مووچە خۆران مەكەن، ئێمە وەك لیستی هاوبەشی مامۆستایانی كوردستان ، ئەم شێوازە لەدابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران و مامۆستایان ڕەتدەكەینەوە، كە هەر مانگەو بەبیانویەك حكوومەتی هەرێم شەڕی دەروونی لەگەڵ مووچەخۆرانی خۆی دەكات”.
دەشڵێت “دواخستنی چەند ڕۆژێكی بێمانا لەهەرمانگێكدا ئاماژەیە بۆ خواردنی مووچەی مانگێكی دیكەی مووچەخۆران، لەگەڵ ئەوەی بڵاوكردنەوەی لیستی مووچە بێ بەڵێنی حكوومەت نیشان دەدات بەرامبەر فەرمانبەران بەگشتی”.
ئاماژە بەوەش دەكات “لەهەمان كاتدا هەرجارەو چەند ڕۆژێك مووچە دوادەخرێت، ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستیەیە كە حكومەت نەیتوانیوە ڕاستگۆیانە وەك حوكمڕانێك بەرپرسیارێتی مووچەخۆران لەئەستۆبگرێت، بۆیە داواكارین كۆتایی بەم جۆرە لەڕاگەیاندنی لیستی مووچەیە بێت و حكوومەت خاوەنی بەڵێنێ خۆی بێت، كە هەموو 25ی مانگێك و بێ دواكەوتن مووچە دابەشبكرێت”.
ڕاشیدەگەیەنێت “دووبارەبوونەوەی ئەم شێوازە لە دابەشكردنی مووچە قبوڵناكرێت و كاردانەوەی مامۆستایانی بەدوادا دێت”.
لیستی هاوبەشی مامۆستایان پێكدێت لە:
-ئەنجومەنی باڵای مامۆستایانی یەكگرتوو
-ئەنجومەنی مامۆستایانی پێشەنگ
– مامۆستایانی سەردەم
-مامۆستایانی سەربەخۆ