ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بۆ بەشەخۆراكی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز 4 ماددەی خۆراكی زیاد بكات.
ئەمڕۆ سێ شەممە 7ی ئادار، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كۆبووەوە و لە ڕاگەیەنراوێكی نووسینگەی سەرۆك وەزیراندا هاتووە، بڕیار دراوە بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان ڕێژەی 25% پارەی یەكەكانی نیشتەجێبوون كەم بكرێتەوە و تەنها 75%ی نرخەكەی بدەن، كە لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنەوە دروست دەكرێن.
ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریشی داوە، بۆ بەشەخۆراكی مانگی ڕەمەزان بڕی (نیوكیلۆ ئاردی گەنمەشامی “نیشاستە” و یەك كیلۆ شعریە و 5 كیلۆگرام ئاردی سفر و یەك تەبەق هێلكە) بۆ هەر خێزانێك زیاد بكرێت.
جەحتیشی كردۆتەوە، زیادكردنی ئەو بەشەخۆراكە وەك پاڵپشتییە بۆ هاووڵاتیان و كۆنتڕۆڵ كردنی نرخی بازاڕ و پشت دەبەستێت بە تەرخانكراوی دارایی لەسەر بودجەی ئەمساڵ.
وەك لە بڕیارەكەدا هاتووە، ئەو ماددە زیادكراوانە دەخرێنە سەر ماددەكانی دیكە، كە بریتین لە (برنج و شەكر و زەیت و دۆشاوی تەماتە و پاقلەمەنییەكان).
لای خۆشیەوە، وەزارەتی بارزگانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە ڕۆژی 20ی ئەم مانگەوە دەست بە دابەشكردنی بەشەخۆراكی تایبەت بە مانگی ڕەمەزان دەكەن.