وەزیری بەرگری ئەمریكا دوای سەردانەكەی بۆ بەغدا گەیشتە هەولێر و لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە و ڕایگەیاند، پێویستە سەركردەكانی هەرێمی كوردستان كۆتایی بە ناكۆكییەكانیان بهێنن و تیشی، “پێویستە هەولێر و بەغدا پێكەوە كار بكەن”.
ئەمڕۆ لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمریكا گەیشتە هەولێر و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە و دواتر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا پەیامێكی بە سەركردەكانی هەرێم و عێراق دا.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم سوپاسی پشتیوانییە بەردەوامەكانی ئەمریكای بۆ پێشمەرگە كرد و ڕایگەیاند، “هاوڕابووین لەسەر ئەوەی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا گرنگە بۆ سەقامگیری ناوچەكە و هەرێمی كوردستان هەمیشە فاكتەری سەقامگیری دەبێت بۆ ناوچەكە”.
لای خۆشیەوە، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریكا وتی، “زیاتر لە 10 ساڵ پێكەوە كارمان كردووە لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ڕووبەڕێكی فراوانمان لە دەستی داعش ڕزگار كرد”.
وتیشی، “پێشمەرگە ڕۆڵێكی گەورەیان هەبوو لە شەڕی دژی داعش و پشتیوانیی خۆمان بۆ یاداشتی لێكتێگەیشتنی نێوان پێشمەرگە و ئەمریكا دووپات دەكەینەوە”.
ئەو بەرپرسە باڵایەی ئەمریكا ڕایگەیاند، “هاوئاهەنگی نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە گرنگە و پێویستە هەولێر و بەغدا پێكەوە كار بكەن”.
سەبارەت بە ناكۆكییەكانی ناو ماڵی كورد ئاماژەی بەوەكرد، پێویستە سەركردەكانی هەرێمی كوردستان كۆتایی بە ناكۆكییەكانیان بهێنن.