ڕووباری دیالە لە گیانەڵاندایە و دوا هەناسە دەدات، لە سایەی تەنگژەی وشكەساڵی كە ڕووی لە پارێزگاكە كردووە و بۆتە مایەی دابەزینی ئاستی ئاوی ڕووبارەكان.
بەپێی دیمەنێكی ڤیدیۆیی كە لە میدیاكانی عیراقدا بڵاوكراوەتەوە، دابەزینی ئاستی ئاوی ڕووباری دیالە بەشێوەیەكی ڕوون دەردەكەوێت.
پێشتر ئالینا ڕۆمانۆسكی باڵیۆزی ئەمریكا لە عیراق، لەگەڵ عەون زیاب وەزیری سامانە ئاوییەكان كۆبووەوە و لە كۆبوونەوەكەدا تەنگژەی ئاو لە عیراق تاوتوێكرا و ئاماژە بە دەركردنی بڕیاری ستراتیژی كرا لەو بارەیەوە.
رۆمانسكی لە تویتێكدا لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی”دوێنێ چاوم بە عەون زیاب وەزیری سامانە ئایوییەكان كەوت بۆ گفتووگۆكردن لەسەر ڕەوشی ئاو لە عیراق و یارمەتییەكانی ئەمریكا بۆ پتەوكردنی تواناكانی حكومەتی عیراق، بۆ ئیدارەدانی ئاو زامنكردنی سەلامەتی بەنداوەكان”.
بە وتەی رۆمانۆسكی”بڕیارە ستراتیژییەكان دەكرێت ببنە مایەی زامنكردنی ئاسایشی ئاو لە ئایندەی عیراقدا”.
عیراق بەدەست كەم ئاوییەكی سامناكەوە گیرۆدەیە كە خۆی لە دابەزینی ئاستی ئاوی هەردوو ڕووباری دیجلە و فوراتدا دەبینێتەوە، بەو هۆیەوە زۆرێك لە ناوچە كشتوكاڵییەكانی ناوەڕاست و باشووری وڵات زیانیان پێگەیشتووە.