ئەمریكا خەڵاتێكی نێودەوڵەتی دەداتە ژنانی ئێران



ئەمریكا سبەی چوار شەممە لە ڕۆژی جیهانی ژناندا خەڵاتێكی نێودەوڵەتی دەبەخشێتە ژنانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران

بڕیارە سبەی چوارشەممە 8ی ئاداری 2023 وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا خەڵاتی نێودەوڵەتی ژنانی بوێر و ڕێزلێنانی ماردلین ئۆڵبرایت ببەخشێتە ژنان و كچانی خۆپیشاندەری ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بە ئاماژەدان بە كوژرانی كچە كوردی شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی كوردستان ژینا ئەمینی لەكاتی دەستگیركرانی لەلایەن پۆلیسی ئادابی تارانەوە، دەڵێت ” توندوتیژییەكانی ئێران بە سپۆنسەری دەوڵەت لە دژی ژنان مێژوویەكی دوور و درێژی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا كوشتنی دڕندانەی ئەمینی كاریكردە سەر هەستی كۆمەڵگەی ئێران و بووە هۆی هاندانی ناڕەزایەتیی. لە ڕۆژانی پاش مەرگی ئەمینی، ژنان و كچانی ئێرانی ڕژانە سەر شەقامەكان، سەرپۆشەكانیان لابرد و سووتاندیان و قژیان بڕی.”

دەشڵێت ” بوێری و ڕووبەڕووبوونەوەكانیان بوونە مایەی هاندانی كەسانی تریش لە ناویاندا پیاوان و كوڕان كە بەشداریی بكەن لە ناڕەزایەتییەكانیان. كچانی قوتابخانەش بەشدار بوون لەو بزوتنەوەیە، تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بە خێرایی پڕ بوون لە وێنەی كچانی گەنج كە لە پۆلەكانیاندا ناڕەزایەتیان دەربڕی و بەرامبەر بە كارگێڕانی قوتابخانەكان وەستانەوە كە هەوڵیان دەدا ڕێگرییان لێبكەن.”

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا دەڵێت ” سەرەڕای وەڵامدانەوە دڕندانەكان كە سەدان خۆپیشاندەری ئاشتیخوازی تێدا كوژراون لە ناویاندا 70 منداڵیش، بەڵام ژنان و كچانی ئێران بەردەوام بوون.”

خەڵاتی نێونەتەوەیی ژنانی بوێری ئەم ساڵ دەدرێت بە 11 ژن لە سەرانسەری جیهان لەوانەش:
– زاكیرە حیكمەت خەڵكی ئەفغانسان و دانیشتوی توركیا.
– ئەلبا ڕوێدا خەڵكی ئەرژەنتین.
-دانیاڵ دارلن خەڵكی كۆماری ئەفریقای ناوەڕاست.
– دۆریس ڕییۆس خەڵكی كۆستاریكا.
– میازە محەمەد خەڵكی ئیسیوپیا.
– هەدیل عەبدول عەزیز لە ئوردن.
– باخیتژان تۆرێگۆژین خەڵكی كازاخستان.
-سیناتۆر داتوك ڕاس ئەدیبا ڕادزی، خەڵكی مالیزیا.
-بۆلۆر گانبۆڵد خەڵكی مەنگۆلیا.
– بیانكا زالێڤسكا خەڵكی پۆڵەندا و یولییا پێڤیسكای ئۆكرانی.

خەڵاتی نێونەتەوەیی ژنانی بوێر خەڵاتێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكایە كە پێشكەش بەو ژنانە دەكرێت كە خزمەتی بەرەوپێشبردنی دیموكراسی، مافەكانی مرۆڤ و دادپەروەرییان كردووە.

ئەم خەڵاتە ساڵانەیە لە ساڵی 2007 دامەزراوە و ڕێز لە ژنان دەگرێت لە سەرانسەری جیهان كە ئازایەتی و هێز و سەركردایەتییەكی ناوازەیان نیشانداوە بە مەبەستی هێنانەدی گۆڕانكاری ئەرێنی بۆ كۆمەڵگاكانیان كە زۆربەی جار ڕووبەڕووی مەترسییەكی زۆر و قوربانیدان دەبنەوە.

هەتا ئێستا ئەم خەڵاتە دراوە بە 180 ژن لە 80 وڵاتی جیهاندا.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا دەڵێت هەموو خەڵاتكراوەكان داكۆكییان لە پاراستنی مافەكانی مرۆڤ و پێشخستنی یەكسانی كردووە، ژنان و كچانیان بەهێزكردووە، و هاندەر بوون بۆ ئاشتی و شەفافیەتی حكومەتەكان لە سەرانسەری جیهاندا.

دابەشكردنی مووچە دەستپێدەكات
پێت دابەشكردنی مووچە دەستپێدەكات
دەروازەی شەقامی مەولەوی كرایەوە
دوات دەروازەی شەقامی مەولەوی كرایەوە
پەیوەنیدر