ئەمڕۆ بۆ دەستپێكردنەوەی ناڕەزایەتییەكان دیاریكراوە
بەردەوامی هێرشە غازییەكان كە بەهێرشی كیمیایی دەناسرێن بۆ سەر ناوەندەكانی خوێندن لە خوێندنگەكانی كچانەوە بۆ خوێندنگەكانی كوڕان و زانكۆكانیش پەرەیسەندووە.
بەپێی زانیاریی سەرچاوە خۆجێییەكان، هێرشەكان بەجۆرێك فراوانبوون لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان شارەكانی كرماشان، ئیلام، لوڕستان، مەریوان، سنە، بۆكان، پیرانشار، مەهاباد، نەغەدە، ورمێ و چەند ناوچەی دیكەی گرتووەتەوە.
هەروەها هێرشەكان شارەكانی تاران، ئەردەبیل، ئەسفەهان، قوم و چەند شاری دیكەی ئێرانی گرتووەتەوە و هێرشی غازی كراوەتەسەر دەیان ناوەندی خوێندن لە خوێندنگە و زانكۆكان و بەهۆیانەوە سەدان خوێندكار ڕەوشی تەندروستییان تێكچووە و ڕەوانەی نەخۆشخانەكان كراون.
ئەو هێرشانە كاردانەوەی نێوخۆیی و دەرەكییان لێكەوتووەتەوە، چالاكان ئەمڕۆ سێشەممەیان دیاریكردووە لە پێش باڵەخانەی پەرلەمان لە تاران و لەپێش باڵەخانەی پەروەردەی شارە گەورەكان خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دژی ئەو هێرشانە دەستپێبكات.
هەر لەو چوارچێوەیەدا شەوی ڕابردوو لە شاری مەهابادی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەشێكی هاووڵاتیان دژی هێرشی سەر ناوەندەكانی خوێندن ڕژانە سەر شەقامەكان.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا نێد پرایس لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پێویستە كۆمیسیۆنی لێكۆڵینەوە لەڕاستییەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان لێكۆڵینەوە لە هێرشی سەر ناوەندەكانی خوێندنی ئێران بكات و پشتڕاستیبكاتەوە كە ئایا ئەو هێرشانە پەیوەندییان بە ناڕەزایەتییەكانی ژنانەوە هەیە داخۆ ئێران خۆی ئەو هێرشانە لەبەرامبەر بەشداری لە ڕاپەڕینەكاندا دەكاتە سەر ناوەندەكانی خوێندن.
چالاكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران دەڵێن گرووپەكانی سەر بە دەسەڵات لەبەرامبەر بەشداری كارای ناوەندەكانی خوێندن لە شۆڕشی ژینادا بەئامانجگیراون، بەڵام بەرپرسانی باڵای تاران دەڵێن ئەو هێرشانە پیلانی دەرەكیین بۆ دووبارە تێكدانی ئاسایشی ئەو وڵاتە.