هەدەپە پشتیوانی بۆ كلیچدار ئۆغلۆ ڕاگەیاند



چاوەڕوانی دووبارەبوونەوەی سیناریۆی هەڵبژاردنی شارەوانییەكان دەكرێت

مەتحەد سانجار هاوسەرۆكی گشتی هەدەپە لە كەناڵی تەلەفیزیۆنی خەبەرتوركەوە پشتیوانی خۆی بۆ بەربژێرێتی كەمال كلیچدارئۆغڵو ڕاگەیاند، بەوەش چاوەڕوانی نزیكبوونەوەی هەدەپە و ئۆپۆزسیۆن دەكرێت، بەوەش بردنەوەی هەڵبژاردنەكان لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە مسۆگەر دەبێت.

سانجار ڕایگەیاند “كاندیدبوونی كلیچدارئۆغڵو پیرۆزبێت، ئێمە چاوەڕێی سەردانەكەی دەكەین لە ناوەندی پارتەكەمان بۆ ئەوەی پێكەوە قسە بكەین”.

سانجار ئاماژەی بەوەشكرد، هیچ نیازێكیان نییە بەرنامەكەیان بەسەر كلیچدارئۆغلۆدا بسەپێنن و سیاسەتی دیموكراسی سەركوت بكەن.

دەشڵێت “ئێمە پشتگیری لە داواكاریی گەل بۆ گۆڕانكاری دەكەین و وەك هەدەپە هەرچییەكمان لەسەربێت ئەنجامی دەدەین. ئامانجمان دیموكراسی و دادپەروەری و ئازادییە. لە بنەڕەتدا دەمانەوێت باسی بنەماكان بكەین. نەك بۆ بازاڕكردن، بەڵكو بۆ گفتوگۆكردن لەسەر بنەماكانی سەرۆكایەتی و پرۆسەی قۆناغی گواستنەوە و پرسە گرنگەكانی دیكە.”

سانجار ئاماژەی بەوەشكرد، دوای بوومەلەرزە وێرانكارەكە سەرلەنوێ بە بڕیارەكەیاندا چوونەوە بۆ كاندیدكردنی كەسێك بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆمار. بۆ ئێمە مەسەلەی سەرەكی ئەوەیە كە ڕێككەوتنێك دەبێتە هۆی گۆڕانكاری دیموكراسی، كە پێمان وایە ئیرادەی زۆرینەی كۆمەڵگای توركیایە. ئامانج و هەڵوێستی سەرەكیمان هێنانەدی دیموكراسی ، ئاشتی و دادپەروەریە بۆ ئەم وڵاتە. بۆیە دەتوانین بەربژێرەكەی خۆمان بكشێنینەوە و پشتگیری لە كاندیدی هاوبەش بكەین.”

سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە، هەروەها بە تویتێك پشتگیری لە كاندیدبوونی كیلیچدارئۆغڵو كرد و لێدوانەكەی سانجاری دووپاتكردەوە و بانگهێشتی بارەگای هەدەپەی كرد بۆ گفتوگۆكردن.

شەوی ڕابردوو دواجار هاوپەیمانی میللەت سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری جەهەپە كەمال كلیچدار ئۆغلۆی وەك بەربژێری شەشی پارتی ئۆپۆزسیۆن راگەیاند كە بەمێزی شەش قۆڵی ناسراون، ئەوەش دوای یەكلاكردنەوەی ناكۆكییەكانی چەند رۆژی رابردوویان، بەوپێیەش ئۆغلۆ دەبێتە ڕكابەرێكی بەهێزی بەربژێری هاوپەیمانی جمهوری دەسەڵات ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا و سەرۆكی ئاكپارتی.

كاندیدی هاوپەیمانیی میللەت بۆ سەرۆكایەتی كۆماری توركیا و سەرۆكی گشتیی جەهەپە، كەمال كلیچدارئۆغڵو رایگەیاند: “من تەنها كاندیدێكی سەرۆككۆمار نیم، بەڵكو كاندیدی خۆشگوزەرانی و دادپەروەریم. لەپێناو سەرلەنوێ بینینەوەی خەندەكان كاندیدم، بۆ بردنەوەی زیاتر لە هەڵبژاردنێك كاندیدم”.

هاوپەیمانی میللەت لەشەش پارتی ئۆپۆزسیۆن پێكهاتووە:
-پارتی گەلی كۆماری جەهەپە بەسەرۆكایەتی كەمال كلیچدار ئۆغلۆ.
-پارتی دیموكراتی و پێشكەوتن بە سەرۆكایەتی عەلی باباجان.
-پارتی دیموكرات بە سەرۆكایەتی چولتكین ئۆساڵ.
-پارتی سەعادەت بە سەرۆكایەتی تەمەل كرەموڵا ئۆغلۆ.
پارتی ئایندە بە سەرۆكایەتی ئەحمەد داود ئۆغلۆ.
– ئی پارتی بە سەرۆكایەتی میراڵ ئاكشنەر.

بەپێی لێدوانەكانی ئەمڕۆی كاربەدەستانی باڵای هەدەپە  نزیكبوونەوە لەنێوان هەدەپە و هاوپەیمانی میللەتدا هەیە.

بەپێی راپرسییەكان هاوپەیمانی میللەت لە پێش هاوپەیمانی جمهورەوەیە، بە چوونە پاڵی هەدەپەش بردنەوە مسۆگەر دەكات.

جەهەپە لە دواین هەڵبژاردنەكانی شارەوانییەكاندا توانی گەورە شارەوانییەكانی ئیستەنبوڵ و ئەنقەرە لە دەسەڵات بەرێتەوە و دەگوترێت هەر لایەنێك شارەوانی ئیستەنبوڵی لابێت، ئەوا دەوڵەتی لایە، ئەوەش رێخۆشكەر دەبێت بۆ گەیشتن بە دەسەڵاتی وڵات.

ئێستا جەهەپە لەگەڵ هاوپەیمانەكانی هاتە گۆڕەپانەكە بۆ دەرهێنانی دەسەڵات لە بن دەستی ئەردۆغان و دووبارەبوونەوەی سیناریۆی هەڵبژاردنی شارەوانییەكانیش نزیكە لەنێوان جەهەپە و هەدەپەدا.

 

زیرەکی دەستکرد، هەڕەشە لە پیشە و بازاڕی کار دەکات
پێت زیرەکی دەستکرد، هەڕەشە لە پیشە و بازاڕی کار دەکات
” حکومەت و ئۆپۆزسیۆن ڕێگری لە گەیشتنی هاوکارییەکان بۆ ناوچەکانی حەلەب دەکەن”
دوات ” حکومەت و ئۆپۆزسیۆن ڕێگری لە گەیشتنی هاوکارییەکان بۆ ناوچەکانی حەلەب دەکەن”
پەیوەنیدر