بانکی ناوەندی عێراق دوایین ڕێوشوێنەکانی پلاتفۆرمی گواستنەوەی دارایی و سنووردارکردنی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار ڕوون دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، پلاتفۆڕمەكە فراوان دەكەن بۆ ئەوەی خەڵكی دیكە بگرێتەوە و ئاسانكاری بۆ بازرگانی دەرەكی بكات.
بانكی ناوەندی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، دەستیان كردووە بە فراوانکردنی چوونە ناو پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنی تاوەكو خەڵكی دیكەش بگرێتەوە.
ڕاشیگەیاندووە، هەنگاوی ئەرێنی دەگرنەبەر بۆ ئاسانکاری دارایی بازرگانی دەرەکی و جەختیشدەكاتەوە لە پەیوەندیی لەگەڵ بانکە چینییەکان سەبارەت بە مامەڵەکردن بە دراوی یوان.
ئاماژەی بەوەشكردووە، بانکی ناوەندی بەردەوامە لە پەیڕەوکردنی ڕێنماییەکانی پێشتر دەرچوو بۆ دڵنیابوون لە سەقامگیری نرخی ئاڵوگۆڕی دراو بەشێوەیەكی هاوتەریب.
بانكی ناوەندی دەشڵێت: “کۆبوونەوەیەک لەگەڵ کەرتی بانکی و بازرگانان و خاوەن کارگەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان و تێپەڕاندنیان ئەنجامدرا”، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی “بانکی ناوەندی دەستیکرد بە فراوانکردنی ئەو کەناڵ و قەوارانەی، کە بە چوونە ناو پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنی دەیانگرێتەوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ڕێوشوێنانەی گیراونەتەبەر دەتوانن بازاڕ کۆنترۆڵ بکەن، داوای لە “هاووڵاتیان و خاوەن پڕۆژەکان کردووە پێداچوونەوە بە کەناڵە فەرمییەکان بکەن بۆ بەدەستهێنانی دراوی بیانی، هەروەک چۆن بۆ بازرگانەکان ئاسانکاری گەورە بۆیان هەیە لە بانکەکانەوە”.
وتوشیەتی، “لە بڕیارەکانی ئەم دواییەی ئەنجوومەنی وەزیران باس لە مامەڵەکردن بە دینار کراوە، بۆیە هیچ پاساوێک نییە بۆ ئەوەی هاووڵاتیان دراوی بیانی لە مامەڵە ناوخۆییەکان بەکاربهێنن”.