سەرۆكی دەزگای دادوەریی ئێران ڕایدەگەیەنێت، ئەو ژنانەی كە پێشێلكاری لە یاسای حیجابدا دەكەن سزا دەدرێن،دەشڵێت،” لابردنی حیجابی هاوتایە لەگەڵ نیشاندانی دوژمنایەتی بەرامبەر بە كۆماری ئیسلامی و بەهاكانی”.
ئاژانسی دەنگوباسی IRNA ی ئێران لەزاری غوڵامحسێن موحسینی، سەرۆكی دەزگای دادوەریی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویكردەوە، بەهاوكاری دەسەڵاتی دادوەری و جێبەجێكار، دەسەڵاتداران هەموو ئامرازەكان بەكاردەهێنن بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو كەسانەی، كە هاوكاری دوژمن دەكەن و ئەم تاوانە ئەنجام دەدەن، كە زیان بە فەرمانی گشتی دەگەیەنێت.
ڕاشیگەیاندووە، لابردنی حیجابی كەسێك هاوتایە لەگەڵ نیشاندانی دوژمنایەتی بەرامبەر بە كۆماری ئیسلامی و بەهاكانی، ئەو كەسانەی كە دەستیان هەیە لە كردەوەیەكی نایاسایی لەم جۆرەدا ئەوا سزا دەدرێن.
ئەمە لەكاتێكدایە، گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی لە 16 ی مانگی 9 ی ساڵی ڕابردوو، بەهۆی ڕەچاونەكردنی حیجابەوە، بووە هۆی خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە ئێران، ئەو خۆپیشاندانانەی بە “شۆرشی ژینا” ناسرا و لەو خۆپیشاندانانەدا سەدان كەس كوژران لە ناویاندا ئەندامانی پۆلیسیش بە هەزاران كەس برینداربوون و بە دەیان هەزار كەسیش دەسگیركران.