ژمارەیەك ڕێكخراوی مرۆیی بەهۆی تۆپبارانی فڕۆكەكانی توركیا بۆ سەر كەمپی هۆل و زیادبوونی توندوتیژی لەلایەن ژنانی ئەو خێزانانەی داعش، كە لە كەمپەكەدان كارەكانیان ڕاگرت.
لە پێنجەمین ڕۆژی هێرشی توركیا بۆ سەر ناوچە كوردنشینەكانی سوریا و بەهۆی نەبوونی ژینگەیەكی سەلامەتی كاركردن، هەروەها بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی توركیا، حەوت ڕێكخراوی مرۆیی كارەكانیان ڕاگرتووە.
ئەڤین شێخموس، بەرپرسی هەماهەنگی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاندووە، كارە مرۆییەكان لەناو كەمپەكەدا زۆر قورس بوون و ڕێكخراوە مرۆییەكان لە كەمپی هۆڵ، مەترسی ئەوەیان لەسەرە، كە ببنە ئامانجی هێرشەكانی توركیا، یان خێزانەكانی داعش لەناو كەمپەكەدا سوود لەو پشێویە وەربگرن و هێرش بكەنە سەر كارمەندەكانیان.
هاوكات باس لەوەشدەكرێت ، كە كەمپەكە پێویستی بە هاوكارییەكی زۆر هەیە، لە كاتێكدا كە ناوچەكە لە ژێر هێرشدایە، ئەمەش كاریگەری دەبێت لەسەر گەیاندنی هاوكارییەكان بۆ كەمپەكە.
ئەمە لەكاتێكدایە ، شەوی 23ی ئەم مانگە، فڕۆكەكانی توركیا كەمپی هۆلیان لە ڕۆژهەڵاتی شاری حەسەكە بۆردومان كرد، لە ئەنجامدا 8 ئەندامی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ گیانیان لەدەستدا.