سەرۆكوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لەگەڵ شاندێكی بانكی نێودەوڵەتیی كۆبووەوە و لە میانیدا ھاریكارییە ھاوبەشەكانیان بۆ پاڵپشتیكردن لە گەشەپێدانی ئابووریی عێراق تاوتوێ كرد.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە محەمەد شیاع سوودانی پێشوازیی كردووە لە بەڕێوەبەری ھەرێمیی ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست سەر بە بانكی نێودەوڵەتیی، جان كریستۆڤ كارێت و شاندی یاوەری.
لە كۆبوونەوەكەدا، پتەوتركردنی ھاریكارییە ھاوبەشەكانی نێوان عێراق و بانكی نێودەڵەتیی بۆ پاڵپشتیكردن لە گەشەپێدانی ئابووریی عێراق، ھەروەھا ھەوڵەكانی حكوومەتی عێراق كە لەوبارەیەوە خراونەتە گەڕ تاوتوێ كراون.
ھەردوولا جەختیان كردووەتەوە لە گرنگی ھاریكارییە ھاوبەشەكانی نێوان عێراق و بانكی نێودەوڵەتیی، بە تایبەتی لە بواری چاكسازییدا.
لە كۆبوونەوەكەدا، هەروەها گفتوگۆ كراوە لەبارەی ھاریكارییە داراییەكان بۆ پاڵپشتیكردن لە بەرنامەی پاراستنی كۆمەڵایەتی، كەرتی گواستنەوە لە عێراق و پلانەكانی حكوومەت سەبارەت بە باشتركردنی ژێرخانی ئابووریی.