چین بە ڕێگایەكی سەرسووڕهێنەر سیخوڕی بەسەر ئەمریكاوە دەكات
لە راگەیاندنەكانی ئەمریكادا دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە ئەو ئامێرە بەرزكەرەوانەی چین لە بەندەرەكانی ئەمریكادا بۆ گواستنەوەی بار بەكاریان دەهێنێت، كاری سیخوڕییان پێدەكرێت.
لەوبارەیەوە رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویكردووەتەوە، وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا پێنتاگۆن، پێیوایە چین كاری سیخوڕی بەو ئامێری بەرزكەرەوانە دەكات كە لە بەندەرەكانی ئەمریكادا بۆ گواستنەوەی بار بەكاردەهێندرێن.
بەشێك لە بەرپرسانی ئاسایشی نەتەوەیی و پێنتاگۆن، پێیانوایە هەستەوەری تایبەت لەو بەرزكەرەوانە بەستراون كە دەتوانن چاودێری بارەكان بكەن و شوێنی گەیشتنیان بخەمڵێنن.
بەرپرسی پێشووی هەواڵگری ئەمریكا، بیڵ ئێڤانینا ئاماژەی بەوە دابوو ئەگەرچی كاری بەرزكەرەوەكان لە رواڵەتدا بە یاسایی دەربكەوێت، بەڵام ئەگەر هەیە بەشێوەیەكی نهێنی كاری سیخوڕییان پێئەنجامبدرێت.
بەرپرسێكی باڵیۆزخانەی چین لە واشنتۆن، باسی لەوە كرد نیگەرانییەكانی واشنتۆن لە بەرزكەرەوەكانی چین لە ئەمریكا، هەوڵێكی “شێتانە”یە بۆ رێگریكردن لە هەماهەنگی بازرگانیی و ئابووریی نێوان هەردوو وڵات، ئەمەش زیان بە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا دەگەیەنێت.
بەپێی زانیارییەكان، كۆمپانیای “ZPMC”ی چینی كە گەورەترین كۆمپانیای تایبەت بە بەرزكەرەوەیە لەسەر ئاستی جیهان و ماوەی ٢٠ ساڵە لە ئەمریكا چالاكی هەیە، لەگەڵ كۆمپانیای “Microsoft Corp” كار دەكات.
بەرپرسانی كۆمپانیاكە هیچ روونكردنەوەیەكیان دەربارەی ئەو دەنگۆیانە نەخستووەتەڕوو، بەرپرسانی ئەمریكاش هیچ بەرزكەرەوەیەكیان نەدۆزیوەتەوە كە بۆ كاری هەواڵگری بەكارهێندرابێت.
وۆڵ ستریت جۆرناڵ، بانگەشەی ئەوە دەكات ساڵی ٢٠٢١ لە بەندەری بالتیمۆر لە میانەی پشكنینی كەشتییەك كە ئامێرە بەرزكەرەوەكانی كۆمپانیای “ZPMC”ی دەگواستەوە، هەندێك كەلوپەلی تایبەت بە كاری هەواڵگری دۆزراونەتەوە.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا لە چواری شوباتدا و بە فەرمانی جۆ بایدن، باڵۆنێكی بەرزەفڕی چینی خستەخوارەوە كە گومان دەكرا باڵۆنێكی تایبەت بە كاری سیخوڕی بێت، هەروەها بەهۆی نیگەرانییەكانی ئەمریكا لە ئاسایشی نەتەوەیی لە ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانی سەرجەم دامەزراوەكانی دەوڵەتدا، بەكارهێنانی تۆڕی كۆمەڵایەتیی تیك تۆك قەدەغە كرا كە دروستكراوی وڵاتی چینە.
تا ئێستاش دەنگۆكانی چالاكییە سیخوڕییەكانی چین، یەكێكن لە رۆژەڤە گەرمەكانی ئەمریكا.