مێزی شەش قۆڵی درزی تێكەوت



ئەردۆغان چانسی بۆ گەڕایەوە

مێزی شەش قۆڵی ئۆپۆزسیۆنی توركیا درزێكی گەورەی تێكەوت، درزێك بە بوومەلەرزەیەكی سیاسی دوای بوومەلەرزەكانی شەشی شوبات ناوی دەبرێت، پێشهاتێكی نوێ، بووە هیوایەك بۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا و سەرۆكی ئاكپارتی و بەربژێری هاوپەیمانی جمهوری دەسەڵاتدار بۆ هەڵبژاردنەكانی توركیا لە 14ی ئایار.

مێزی شەش قۆڵی لە شەش پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیا جگە لە هەدەپە پێكهاتووە و هاوپەیمانی میللەتیان دروستكردووە، پێنج لەو پارتانە بە خۆكاندیدكردنی كەمال كلیچدار ئۆغلۆ سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری جەهەپە ڕازیبوون، بەڵام ئی پارتی یان پارتی باش كە دووهەم گەورەترین پارتی ناو هاوپەیمانی میللەتە ڕەتیكردەوە و بەو هۆیەوە لە هاوپەیمانێتییەكە كشایەوە.

مەراڵ ئاكشەنەر سەرۆكی گشتیی ئیی پارتی لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا لە دوای كۆبوونەوەی پارتەكەی، ڕایگەیاند “ئێمە لەگەڵ ئەوەدابووین ئەكرەم ئیمام ئۆغلۆ سەرۆكی شارەوانی ئیستەنبوڵ، یان مەسنوور یاڤاش سەرۆكی شارەوانی ئەنقەرە كە هەردووكیان جەهەپەیین خۆیان كاندید بكەن، بەڵام لەبری ئەوان كلیچدار ئۆغلۆ خۆی كاندیدكردووە، بۆیە كشاوینەتەوە”.

ناوبراو ڕەخنەشی لە پێنج پارتەكەی دیكە گرت كە پێشنیازەكانی ئەوانیان بۆ كاندیدكردنی سەرۆك شارەوانییەكانی ئیستەنبوڵ یان ئەنقەرە ڕەتكردووەتەوە، كاتێك ئەوان كاندیدی بەهێزبوون دەشڵێت: بڕیار نەبوو هاوپەیمانی میللەت پێچەوانەی خواستە نیشتمانییەكان بێت.

هاوپەیمانی میللەت پێكهاتووە لە:
-پارتی گەلی كۆماری جەهەپە بەسەرۆكایەتی كەمال كلیچدار ئۆغلۆ.
-پارتی دیموكراتی و پێشكەوتن بە سەرۆكایەتی عەلی باباجان.
-پارتی دیموكرات بە سەرۆكایەتی چولتكین ئۆساڵ.
-پارتی سەعادەت بە سەرۆكایەتی كرەموڵا ئۆغلۆ.
پارتی ئایندە بە سەرۆكایەتی ئەحمەد داود ئۆغلۆ.
– ئی پارتی بە سەرۆكایەتی میراڵ ئاكشنەر.

بەپێی زۆرینەی ڕاپرسییەكان لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا چانسی هاوپەیمانی میللەت لە چانسی هاوپەیمانی جمهوور بەهێزترە، بەڵام بە دروستبوونی ئەو درزە چانس بۆ ئەردۆغان و هاوپەیمانێتییەكەی دەگەڕێتەوە.

بڕیارە سبەی دووشەممە هاوپەیمانی میللەت كلیچدار ئۆغلۆ وەك كاندیدی خۆی بە فەڕمی ڕابگەیەنێت، بەڵام ئەگەری دواخستنی ڕاگەیاندنەكەش هەیە بەهۆی بوونی گفتووگۆ لەگەڵ ئی پارتیدا.

هەدەپە گەورەترین پارتی كوردی و سێهەم گەورە پارتی توركیایە، لەچوارچێوەی هاوپەیمانی ڕەنج و ئازادیدا بەشداری هەڵبژاردنەكات دەكات، یەكلاكردنەوەی هەڵبژاردنەكان لەنێوان میللەت و جمهوردا هەدەپە دەخوازێت.

هاوسەرۆكی گشتی هەدەپە مەدحەت سانجار لەبارەی ناكۆكییەكانی ناو هاوپەیمانی میللەت دەڵێت “لەم چەند ڕۆژەی دواییدا ئێمە ڕەچاوی پێشكەوتنەكانی سیاسەتی توركیامان كردووە و بۆمان دەردەكەوێت بەردەوامبوونی كارەكانمان گرنگە لە بنیاتنانی ئایندەیەكی هاوبەش و دیموكراسیانە بۆ گەلان با گومانی تێدا نەبێت هیچ كەسێك وەك هەدەپە ئامانجی وەڵامدانەوەی پێویستی ئاشتی و ئازادی و دادپەروەری و یەكسانی و دیموكراسی خەڵكی توركیا نییە”.

هاوسەرۆكی هەدەپە دەشڵێت “ئێمە بە تێگەیشتنەوە كار دەكەین بۆ بەدەستهێنانی متمانەی ٨٥ ملیۆن كەس بۆ ئەوەی پێكەوە سەركەوتن بەدەست بهێنین و هاوكاری زیاتر بكەین، ئێمە درێژە بە بەرفراوانترین سیاسەتی هاوپەیمانی دیموكراتی دەدەین لەسەر بنەمای ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی، سیاسەتی ئازاد، بەها مرۆییە جیهانییەكان و بەهاكانی دیموكراسی و یاسا دادەمەزرێنین و تێكۆشانمان بۆ هێڵی سێیەم فراوانتر دەكەین”.

بەڕای چاودێرانی سیاسی، هەڵبژاردنەكانی 14ی ئایار هەستیارترین هەڵبژاردن دەبێت، بەوپێیەی ئەردۆغان و هاوپەیمانێتییەكەی زۆر لاواز بووە و ئۆپۆزسیۆنیش هێشتا نەیتوانیوە بەكاندیدێكی یەكگرتوو و بەهێزەوە بچێتە گۆڕەپانی كێبڕكێوە.

 

هاووڵاتییەك لە سەقز لەسێدارە درا
پێت هاووڵاتییەك لە سەقز لەسێدارە درا
“قەوارەی هەرێمی كوردستان یەكێكە لە بەرهەمەكانی ڕاپەڕین”
دوات “قەوارەی هەرێمی كوردستان یەكێكە لە بەرهەمەكانی ڕاپەڕین”
پەیوەنیدر